بە تەقدیری خودایی حەییی بێچوون
لە وەختی عاجزیی و قەلبی مەحزوون
لە دەشتێکی بیابان، چۆڵ و هاموون
گەلێ مل پان و ڕیش زل تووشی من بوون
لە دوور وەمزانی تێفکریم جوون
گوتم ئێوە بە هەیئەت وەحشی کێوین
بە ملپانی هەموو گاجووتی جووتین
بە کلکی کوڵکنا ئەمسالی ڕێوین
بە شکڵ و سووڕەتا وەک کێوی قافین
بە یاڵ و تووکی سەر مانەندی یابوون
عەجەب ماوم لە ئێوە تایفەی چین
بە ڕیش و سیمبڵا هەر وەک یەهوودین
بە گوێچکەی تووکنا وەک ورچی لۆتین
بەبێ نوێژ و جەماعەت وەک مەجووسین
بە جببە و مێزەری زل شیبهی ئاخوون
زمان ڕیشی نییە ئەی ساحەبی ڕیش
چ سۆفی بێ، ج جوو بێ، یا خۆ دەروێش
بە پوولێ نایکڕن سەد ڕیشی بێ ئیش
تەماشا ئەهلی عیلمە هەر جگەر ڕێش
پەرێشانن بە مەکری چەرخی واژوون
ئەوێستا ڕیشی مالووم زەرد و کاڵە
وەکوو ڕیشی قەشە چەند بێ کەماڵە
بە ئەستووری ئەڵێی کلکی گەماڵە
بە پانی شوبهی یاڵی ماینە ئاڵە
ئەوا بوونە مەبالی کەلب و مەیموون