ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
٤٧. ئەی نەفس پیر بووم هەتاکەی مەیلی ئەم لاولا بکەم
ئەی نەفس پیر بووم هەتاکەی مەیلی ئەم لاولا بکەم
لازمە ئیتر کە تەرکی ئارەزووی دنیا بکەم
بۆ ویساڵی خاڵی لەیلای مەتڵەبی دنیا و دین
هەر وەکوو مەجنوونی شەیدا شۆرشێ بەرپا بکەم
نەفس و شەیتان وا خەریکن بمخەنە سەر ڕێگەیەک
بۆ تەماعی دەنکە گەنمێ پشت لە باخی خوا بکەم
ئارەزووی نەفسی خەسیس خستوومییە گێژاوی گوناه
ڕەحمی خوا دەسگیر نەبێ، مەر ئاه و واوەیلا بکەم
من کە دنیا گرتمی و قەیدی تەماعی کردمە مل
کەی بە ئوممێدم کە تازە ئابڕوو پەیدا بکەم
من بە تاعاتی کەم و جورم و گوناهی زۆرەوە
ڕووم نییە ڕوو لە مەدینە و خاکەکەی بەتحا بکەم
کەی خودا بانگم ئەکەیت بێم بۆ تەوافی بەیتەکەت
تا بە ئاوی زەمزەمت ڕوویی سیاه بەیزا بکەم
زیارەتی بَیتُ الحَرام و ڕۆزەیی فَخرُ الانام
کەی ئەبێ یا ڕەب بە قیسمەت تاکوو جان فیدا بکەم؟
چاوەکەم کوێر بوو لە دووری یەسریب و بەتحا زەمین
کەی بە سوورمەی خاکیان دوو چاوەکەم بینا بکەم؟
من کەوا عاسیم و موجریم، ڕووڕەشی قاپی ڕەسووڵ
ڕۆژی مەحشەر کەی ئەبێ ڕووم، شافیعی داوا بکەم
خۆم ئەزانم نەگبەتیمە چونکە وایە بۆیە وا
ماڵی دۆست وێران ئەکەم، ماڵی عەدوو ئاوا ئەکەم
تۆ کە هەر کوێر بی هەمیشە ڕوو لە ڕێگەی حەق نەکەی
بۆ ڕەزابوونی عەدوو ئیشی خۆم ساوا بکەم
جورمەکەم زۆرە ویساڵی، ڕوو لە قاپی کێ بکەم
چاکە هەر ڕووی خۆم لە قاپی خالیقی یەکتا بکەم

پەراوێز edit