ئەی حەلاوەخان، خوشکی خۆش کەلام
موبارەکت بێ سەراپا ئاغام
تەمەننا ئەکەم لە قابی ئەحەد
هەر ڕێک و پێک بن، نەبینن ئالام
ئاوێنەی دڵتان موکەددەر نەبێت
هەر ساف و ڕوون بێ، وەک سەفحەیی جام
تا هەن لە دنیا هەوڵگوشا بن
هەر ڕابوێرن بە خۆشی و ئارام
هەر کامەران و مەقسوود ڕەوا بن
لەسەر سیححەت و عەیشی بێ خیتام
هەر پێکەوە بن وەک گوڵ و بولبول
لێک جودا نەبن تا توولی ئەییام
ڕووخۆش و دڵخۆش لێو بە خەندە بن
وەک عاشق لەگەڵ یاری دڵارام
من وەک ئێوە نیم بێ بەشتان ناکەم
لە دوعایی خێر وەختی سوبح و شام
چونکە من دائیم ئێوەم لە بیرە
لە بیرم ناچن تا دێ ئینتیهام
هەر لەگەڵتان بێت، دائم الاوقات
لوتفی حەزرەتی حەییی لاینام
ئەمجا بەیانی مەتڵەبم ئەکەم
بۆ ئێوە لەپاش دوو ملوێن سەلام
وا پێتان ئەڵێم نابێ عاجز بن
لە هەر چی ئەیڵێم بەگوێرەی مەقام
ئاخۆ قەت جارێ یادی من ئەکەن
ئەی خانم لەگەڵ شێخەکەی ئاغام
گلەیی ئەکەن هەر لە دوورەوە
حوسەین بۆ نەهات ئەو شێتەی نەفام
قەیناکات یاخوا نۆشی گیانتان بێت
چیلی شیرین و پڕ ڕەنگ و خۆش تام
ڕۆژتانە ئیمڕۆ فرسەتە بیخۆن
گۆشت و پڵاو و ئەنواعی تەعام
خواردتان بەبێ ڕەنج ئەو گشت برنجە
منیش بە خەپلەی وشکەوە خنکام
وا لە چنگ سەرمای زستانی ئەمساڵ
زەرد و زەعیف بووم، بەجارێ فەوتام
هەر نەمدی جارێ دوو هۆقە برنج
کە بۆم بنێرن بە وەجهی ئینعام
هیچیشم نەدی، گلەیی ئەکەن
لە بەندەی فەقیر، یەعنی بێ وەفام
مەسەلەی دز و ماڵ خۆ مەشهوورە
ئێمەیش هەروەهاین خولاسەی کەلام
لە بێوەفایی خۆتانە قوربان
ئەگەر حەق بڕۆن هەر من بەوەفام
نەمبیست و نەمدی کە ئێوە جارێ
لە من بپرسن ماوم یا نەمام
هەق وایە گەورە لە بچووکی خۆی
هەر لێی بپرسێت دائم المدام
ئەی حەلاوەخان تۆ بۆ چی گۆڕای؟
خۆ تۆ زۆر چاک بووی لەگەڵ خاس و عام
ڕووخۆش بووی سابیق ئەی حەلاوەخان
خەڵکت بانگ ئەکرد بۆ نەهار و شام
ئێستە نازانم خانمە خاسەکەم
بۆ چی وات لێهات ئەی شیرین کەلام
تەعەججوب ئەکەم لە بێڕەحمی تۆ
نە جارێ کاغەز، نە جارێ سەلام
لە حەمدی خواوە لە تەرەققی دان
عالی ڕوتبە بوون، دەرچوون لە قەوام
گەر کەس نەناسن هەقتانە بڵێن
شێخ سولەیمانە و منیش بەلقیسام
بخۆن چێشتی چەور هەم تاسکەبابی
مەپرسن حاڵی فەقیر و ئەیتام
ئیدارە ئێمەیش دار و خەڵووزە
ئێوارەش ئەخۆین لە شۆربای بێتام
ڕەش بووین وەک خەڵووز، ڕەق بووین وەکوو دار
وەرن ببینن سەراپا ئەندام
گشت بۆ کەبابێ هەر بووینە کەباب
بێهۆش و خامۆش وەکوو مقەببام
ئێوەش هەر ئەخۆن ناپرسن لە کەس
بە ڕاست و چەپا کشمیش و بادام
سەیری ئەو هەموو برنجە جوانە
خواردتان بێ حسەین لێتان بێ حەرام
خانم قەیناکات با بمانمێنێ
وەختی خۆم قسەی خۆم ئەکەم تەمام
هەر کەسێ نەمرێ تەحەممولی بێ
نەتیجە ئەگات بە هەموو مەرام
چۆن قوبووڵ ئەکات عەداڵەتی حەق
ئێوە ڕۆن بخۆن منیش نانی خام
شەرعی ئێوە و من با هەر بمێنێ
هەتا مەحکەمەی خودایی عەللام
لەوێ دەعواتان لەسەر قەید ئەکەم
بە شەریعەت ئایاتی کەلام
ئێوە نیتانە ڕێگەی ئیعتیراز
هەم بە حەدیسی سید الانام
قسەی خیلافیش نایە بە دەمما
شەرتە کردوومە تا لەسەر دنیام
عەداڵەتی حەق شەرعمان ئەکات
تا مەحشەر نایێ خاتیمەی کەلام
ئەو وەختە جا لێک ئەپرسینەوە
موجریم دەرئەچم، ئایە بێ خەتام
لێم مەعلووم بووە کە لای هەر دووکتان
حسەینی مەغدوور نەیما ئیحتیرام
بە فلسێک ناچێت حسەین لای ئێوە
وەک شایی عەجەم لە بێرووت و شام
خودا بۆم بکا پێتان ئەڕێژم
داخی دڵی خۆم ڕۆژی ئینتیقام
ئێوە لە حاڵی حسەین ناپرسن
من بە تەمای چیم کە لێرە مەلام
شێخ حسەین شەرحی حاڵی خۆی ئەدا
شایەد ئیشەکەی بگا بە ئەنجام
مەلا شێخ محەممەد تۆ بە تەما چیت
یا تۆیش لە دڵدا ئەڵێی بە تەمام
ویساڵی بێ شک دوڕڕی ئەشعارت
زۆر بە قیمەتە لای عالی مەقام
باقی لەو دیوە ئەشعارەکانم
فیکری لێ بکەن زۆر بە ئیهتیمام
غەم مەخۆ دنیا خۆش ئەکات بۆمان
لەمەو لا خودای سابق الانعام
بێشک مەراممان جێبەجێ ئەکات
ئێوەش بە شادی هەڵ بکەن ئەعلام
هەر وەک قودسی و سەعدی و نیزامی
بێنە خاتیمەی شیعری خۆش نیزام
نەزمی ئەشعارم جوانە ئەترسم
نەڕوا بە قیمەت لەلای شا بارام
ئەترسی شێخیش لای ناڕەواج بێ
هەر بە قیمەتە لەلای گوڵ ئەندام
مەشهوورە هەر دوو عالی هیممەتن
هەر وەکوو حاتەم بۆ جوود و ئیکرام
بەیانی مەتڵەب ویساڵی کردت
ئیتر بەسیەتی، باقی والسلام