ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
٣١. سەیری چەرخی حیلەباز و مەکر و فێڵی ڕۆزگار
سەیری چەرخی حیلەباز و مەکر و فێڵی ڕۆزگار
واقیعەی چۆن ڕوو دەدا لە منی غەریبی دڵفەگار
جێگەیەک میسلی زەرتکە ئاوەدان و پڕ لە خەڵق
ئێستە سەیری کە کە چۆن وێرانە بێ دەمساز و یار
جێ سەری دەرزی نەبوو خاڵی لەسەر ئەرزێ لە بەر
کیسرەتی مەخلووقی ئەترافی وەکوو بازاڕ و شار
دەنگی خەڵقی لێ بڕا، یەک دەفعە وەک سەحرایی شام
بێنی خوێنی لێ دەهات وەک جێ شەڕی ئەسفەندیار
چەندە خۆش بوو پێشتر، ئێستا کە ناخۆشتر بووە
یا خوا وێران بێ وەک وێران بوو زەرتکەی پڕ غوبار
عەیشی ئێمە و ئەهلی زەرتکە تاڵ بووە وەک عەیشی گورگ
دێ لە کەپر و تاوڵەکان ئاوازی گریە و شین و زار
سەیری وەزعی ئەهلی عیلم و تالیبانی مەدرەسە
وەک هەتیمی بێ پودەر شەیدان و خوار و کۆهسار
حوجرەیان تێکچوو بەجارێ وەک هێلانەی بایەقووش
غەیری لوتفی حەق نەبێ، مەلجەء نەما بۆ قەلبی زار
حوجرەیێکی هێندە گەرم و ناخۆشی کەس نەیدیوە
وەقتی لەیلی پڕ لە مارە، وەقتی یەومی پڕ لە نار
وەیلە بۆ ئێمە کەوا مردین بەبێ یار و ڕەفێق
سا خودا ڕەحمێ بفەرمووی زوو بە ئێمەی دەردەدار
کەس نییە هەمدەم لەبۆ مە، غەیری حاجی مستەفا
بازچینەی کەسب و کارە ئەوە وەکوو مورغی هەژار
تاوڵەکان ساتێ موقیم بوون، لەحزەیێ پاش تەخلیە
میسلی تەییارەی شکستە گشت لە پاشان کەوتنە خوار
چیغ و تاوڵە کەوتنە ئاسمان هەر وەکوو هەوری سیاه
وا پەرێشان بوون بە دەم باوە نەیان مابوو قەرار
ئاوەکەی هەر چەندە سارد و خۆشە لاکین، دەم دەمە
زۆرە ئەووەڵ کەم دەبێ، ئاخیر دەبێتە قەترەدار
نامێنێ ساردی تەعمی میسلی ئاوی شارەزوور
بەینێ دێ دائیم بە زەردی هەر وەکوو میزی حیمار
دایدەپۆشێ قەوزە یەکسەر، فەوقی وەک چیمی چەمەن
پڕ دەبێ دەورەی لە قرژاڵ، تەحتەکەیشی پڕ لە مار
گەر چی مەشهوورە بە جەننەت زەرتکە بۆ قازانیان
لێک بوو ئەهلی مرووەت زەمهەریرە و پڕ لە نار
لێی گەڕێ وەسفی مەکە چون الخبیثات... الخ
طیبات لطیبین، هەستە لەم جێگە بە غار
ما عەلەینا، گووی خلە لەم عەیشە بێ، لەم جێگەدا
چونکە ناخۆشە دڵم گەیشتۆتە حەددی ئیستیوار
ئەی ویساڵی بەسیە بەحسی ناخۆشی، شادی بکە
چون لەپاش زەحمەت فەرەح دێ، خۆت مەکە چیدی نزار

پەراوێز edit