سەیری ئێمڕۆکە عەجایب دڵگوشایە خوارەمیر
هەر وەکوو مەیخانە پڕ ساز و نەوایە خوارەمیر
بۆ گوڵ و بوستانی دائیم غەم دەخوا باغی ئیرەم
ماعەلەینا بۆ دڵان دامی بەڵایە خوارەمیر
موتریب ئیمڕۆ دەم بە سازە ساقی ئێستا دەس بە جام
فی الحقیقة مەنبەعی عەیش و سەفایە خوارەمیر
ئەم مەکانە پڕ گوڵە ئیمڕۆ وەکوو ڕەوزەی جینان
حەمدولیللا مەنزڵی حۆری لیقایە خوارەمیر
بۆ مەریزان شافییە ئاوی وەکوو ئابی حەیات
مەوقعێکی پڕ تەبیب و پڕ دەوایە خوارەمیر
ئەرزی پڕ میشک و عەبیرە، هەر وەکوو خاکی خوتەن
دەشتی بۆیایە سەراسەر وەک خەتایە خوارەمیر
سەیری نەغمەی بولبولانە وا لەسەر شاخی گوڵان
هەر وەکوو باغی خەرامان جانفەزایە خوارەمیر
ئەهلی دنیایی هەموو موحتاجی ئەم جێگەن بە دڵ
شوکرولیللا مەنزەری شاه و گەدایە خوارەمیر
سەد شوکر ئەهلیشی سەرجەم ساحێبی عەقڵ و دڵن
بۆ هەموو کەس مەرکەزی تەدبیر و ڕایە خوارەمیر
تۆ بە دیققەت تێ بفکرە خەڵقی چەندە زیرەکن
هەر دەڵێی شیرازە خاکی، دڵڕوبایە خوارەمیر
بۆ سەخاوەت هەر کەسێکیان تۆ دەبینی خاتەمە
ئاوەدان بێ، مەعدەنی جوود و سەخایە خوارەمیر
بۆ شەجاعەت حەیدەرن ئەهلی لە مەیدانی عەدوو
بەزمگاهی قەیسەر و پاتەختی شایە خوارەمیر
دڵ موونەووەر بوو بە نووری شەمسی ئەحبابی وەلی
پڕ بووە خاکی لە ئەختەر، وەک سەمایە خوارەمیر
بۆ دیانەت بێڕیا هەم ئەهلی سەعی و کۆششن
هەر وەکوو بەغدا مەکانی ئەولیایە خوارەمیر
ئەی ویساڵی بەسیە، عاریف یەک ئیشارەی کافییە
لای هەموو کەس زاهیرە، جێگەی وەفایە خوارەمیر