وتم دەمتە وە یا غونچە؟ وتی ئەو نوقتە مەوهوومە
وتم زاغە لە باغی ڕووت؟ وتی خالێکی هندوومە
وتم بۆچ ڕا بە عینوانی؟ وتی من شاهی خووبانم
وتم ئێمەیش غۆڵامی تۆین، وتی مەشهوور و مەعلوومە
وتم تۆ بۆ چی وا سرکی؟ وتی بۆ دولبەران ڕەسمە
وتم بۆ عاشقت شێت کرد؟ وتی بابیشی هەر جوومە
وتم شەو بوو لەسەر ڕۆژت؟ وتی بۆ کوێر بووی زوڵفە
وتم چی شوعاعی خستە دڵ؟ وتی شوعلەیی مەهڕوومە
دەمم برد ماچی لێوی کەم، وتی حەددت چیە لاچۆ
وتم بۆ کێیە ئەو بەهرە؟ وتی بۆ یاری مەقسوومە
تەنافی خستە ئەستۆی دڵ، وتم بۆ چیتە ئەم جوزئە؟
وتی لێی بێ میهرە، بە شەرعی ئێمە مەحکوومە
وتم تۆ پادشای حوسنی، بە ئوممێدی خەڵاتی تۆین
وتی خۆت شێت مەکە، بولبول هەمیشە خوار و مەحروومە
وتم تا کەی دڵی میحنەتزەدەم ئاوارە بێ جانا
وتی ڕێی باغی خۆم نادەم بە مسیلی کوندەبوو شوومە
وتم تۆ سەیری ئەحواڵم وەکوو زوڵفت کە شێواوە
وتی مردووت مرێ پەروانە دایم شیفتەیی موومە
وتم کون کون بووە جەرگم بە نووکی تیری موژگانت
وتی منداڵی تێناگەی لە نازی چاوی جادوومە
وتم مەخمووری لێوی تۆم، خودا هەڵناگرێ، بەسیە!
وتی هەی هەی سەدی وەک تۆ نچیری داوی گێسوومە
وتم تۆ بۆ نیگا ناکەی؟ هەموو هەر ئینتیزاری تۆین
وتی ئێۆە عاقڵ نابن، بە ڕۆژ ئەستێرە مەعدوومە
وتم بۆ ئاشنا نابێ بە سەمعت دەنگی ئەفغانم
وتی وا تێ مەگە بێ دڵ، منیش بەینێکە بیستوومە
وتم پەڕەی گوڵی کوڵمت وەکوو پەژموردە بێ وایە
وتی عەڵت ببێ، نابێ، گوڵی من غەیرە مەشموومە
وتم تاکەی لە گوڵزارت ویساڵی خوار و مەحرووم بێ؟
وتی کافی! ئەوە بەسیە کە شیعری خۆش و مەنزوومە