ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١٣٦. مەفەرموو پیرە عومری سەد ساڵە
مەفەرموو پیرە عومری سەد ساڵە
لە تەبیعەتا هەر چواردە ساڵە
با هەموو عالەم بڵێن زۆر پیرە
ئەوە تێناگەن هێشتا مناڵە
چونکە زاهیرەن کاڵ دەس ناکەوێت
بەهی کوڵیویش هەر ئەلێم کاڵە
لە بەدەس کورتی پیرم لا جوانە
بێ ماڵ کچی جوان خەیلێ مەحاڵە
بە بێ دەسمایە کە چوویتە بازار
سەد سەودا بکەی هەمووی بەتاڵە
وەختی بە گەڕان هیچت دەس نەکەوت
موحتاج ئەبیوە بەو پیرەزاڵە
بەڵێ زۆر خۆشە ئەگەر دەس بدەن
ئەو چاوە کاڵ و ئەو لێوە ئاڵە
هونەر هیچ نییە، سەروەت حەسابە
چونکە عیززەتی دنیا بە ماڵە
چاو بقووچێنە و ڕازی بە بە پیر
کچ بۆ تۆ نابێ خاڵە، خەیاڵە
زەمانە نەیهێشت بگەین بە مەقسوود
زوو خستنیە ناو ئەم کێو و چاڵە
فەورەن پێستیان لەبەر داڕنی
هەتا خوێنیەوە ڕێوی قەباڵە
الحکم لله، ڕازیم بە قەزا
مناڵ دوام کەوتوون بە خاڵە خاڵە
خودا کە نەیدا شەرابی شیرین
بەم ئاوە ڕازیم هەرچەند کە تاڵە
ویساڵی مەدوێ ئێتر لە بنکڕ
بۆ تۆ ناخورێ ددانت ئاڵە
کە نەیبوو گوڵی گوڵاو ویساڵی
مەجبوور ڕازییە بە گوڵی ژاڵە

پەراوێز edit