موژدە بێ ئەی دڵ دەڵێن بولبولی تابستان هاتەوە
بەزمی گێڕا ئەهلی عەسر و دڵحەزینان هاتەوە
مووددەیێ بوو چوو بوو بۆ هەولێر و کۆ بۆ ئیش و کار
حەمدولیللا، کاری چا بوو، گوڵ بە خەندان هاتەوە
جەمعی ئەحباب هەموو بووبوون بە یەعقووبی زەمان
ئێستە دڵخۆشن کەوا شاهید بە کەنعان هاتەوە
گوڵ کە ڕۆیی لەم مەقامە چاوی دڵ تاریک بووە
ئێستە پڕ نوورە کەوا ماهی درەخشان هاتەوە
قاسیدی بادی سەبا موژدەی بە گۆشی من گەیاند
باعیسی تەفریحی قەلبی جینن و ئینسان هاتەوە
تێفکرە ئێمڕۆ لە سایەی خوا و فەخری ئەنبیا
بۆ شکستی دوشمنی دین، مەردی مەیدان هاتەوە
با حوسوولی جوملە مەتڵەب ئەی دڵا شادی بکە
لەو وڵاتی دوورەوە تەشریفی جانان هاتەوە
هەر کەسێ عەقڵی ببێ ئیمڕۆ جلووسێ ساز ئەکا
چونکە بۆ ئەم عالەمە شەمعی شەبستان هاتەوە
زەمزەمەی شادی لەناکاو کەوتە ناو ئەهلی زەمان
چون لەبۆ موژدەی سەبا مورغی سولەیمان هاتەوە
مەست و دڵخۆش بووم لەگەڵ زومرەی مەریزانی جیهان
وەقتێ مەعلووم بوو کەوا تەشریفی لوقمان هاتەوە
موڵکی کوردان بەینێکە بووەتە نەشیمەنگاهی کوند
موژدە بۆ یاران ئەوا میعماری وێران هاتەوە
زەڕڕەیە ئاسایش و ڕاحەت نەما بۆ بوعدی یار
شوکرولیللا مەنبەعی ئەلتاف و ئیحسان هاتەوە
ئەو کەسە خالیق کە ئەووەڵ دەفعە ناوی نا حەسەن
ئیمڕۆ با حوسنی تەواو و تەبعی شادان هاتەوە
تائیفەی کوردان دوێنێ پەرێشان بوو بە غەم
کەوکەبی فەرخوندەیان ئیمڕۆ بە تابان هاتەوە
ئەی ویساڵی غەم مەخۆ چیدی لەبۆ دیداری یار
گوڵ لەبۆ جێی خۆی بە ئەمری شاه و سوڵتان هاتەوە