ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١١٢. ئەلا ئەی عاشقی مسکین وەرە ئیمڕۆ بە مەیخانە
ئەلا ئەی عاشقی مسکین وەرە ئیمڕۆ بە مەیخانە
بنۆشە جورعەیی سەهبا لە جامی لەعلی جانانە
بحمداللە زوموستانی فیراقی گوڵ ئەوا ڕۆیی
ڕەبیعی ئەووەڵی عەیشە زەمانی وەسڵ و سەیرانە
لە شامی مەغریبی زۆڵفت، هیلالی حاجیبی تۆم دی
ئیشارەی کرمێ یەعنی کە سبحەی جەژنی قوربانە
لە نێو زۆلماتی زۆڵفتدا دەڵێی ئەسکەندەرم جانە
لە بۆ جەشمەی حەیاتی ڕووت سەراسیمەو پەرێشانە
وەکوو هارووت و مارووتم لە چاهی بابولی غوربەت
بە عەشقی پرتەوی ڕەنگت، دڵم وەک شێخی سەنعانە
دەروونم گەرم و پر جۆشە بە میسلی کوورەیی حەدداد
بە تابی ئاتەشی میێرت زەمیرم مورغی بوریانە
حەبیبا چەشمی سەییادت ئەوێستا زۆر بە ئاشووبە
نەچیرئاسا دڵی گرتوو خەریکی جەڕڕی ئیمانە
لەبەر چی دەفعەیێ ئەی شەمعی جەمعی تائیفەی خووبان
بە سەمعت ئاشنا نایێت فەسانەی ئەم غەریبانە
بە نەقدی گەوهەری چەشمم مەتاع و پارچەیی عەشقت
کڕیومە ئەی بۆتی چینی دڵم هێشتاکو هەرزانە
حەریری چینی زۆڵفانت ئەگەر جەمعە، دڵیش جەمعە
ئەگەر بێتوو پەرێشان بێت دووسەد کەس مەست و بێجانە
بە بۆیی میشکی گیسوویت مەجالس مەست و مەدهۆشن
سایەی شەمسی دیدارت، جێیان یەک دەفعە تابانە
بەیازی گەردنت (باللە) کە تابی ئاهووانی برد
لە چاهی غەبغەبت (نااللە) هەزاران حەپسی زیندانە
قەدت وەک سەروی بوستان و مەمت ڕوممان و نارنجە
حەقیقەت سینەیی یارم وەکوو فیردەوسی ڕیزوانە
هەم ئاغۆشم حەبیبێکە نییە هەمتا و مانەندی
بە دوڕڕی سیننوو لەعلی لەب دەهانی کانی مەرجانە
عەجەب یارێکی شیرینە، عەجەب ئاهوویێ ڕەنگینە
بەشەر نابێ بە میسلی ئەو، ئەگەر بێ حۆری ویلدانە
بحمداللە نەما زەحمەت، لە دڵ دەرچوو غەم و میحنەت
چەمەن گرنی گوڵی زینەت، زەمانی بەزم و سەیرانە
برادەر گشت بنۆشن مەی، بە یادی عوشرەتی سابیق
بەشارەت بێ نەما بەدگۆ جێیان هەمتایی جارانە
ویساڵی مژدە بێ یارت، وەفای کرد وەعدەیی پارت
ئەمیش وا هاتە ژێر بارت بنۆشە مەی بە پەیمانە

پەراوێز edit