ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١١٣. ئەو پەرچەمە چین چینە لەسەر کوڵمی حەلاوە
ئەو پەرچەمە چین چینە لەسەر کوڵمی حەلاوە
مانەندی گوڵی سونبولە تێراوی شەواوە
باعیس بە هەناسەی منی مەحزوونە سبەینان
زوڵفی وەکوو ڕەیحانە لە هەر لاوە بڵاوە
شوعلەی شەمی ڕوخساری وەکوو ڕۆژی سەمایە
بۆنی نەفەسی زاری میسلی عەتری گوڵاوە
بۆ چی نەگری بولبولی بێچارە لە گوڵزار
چون عەتری گوڵی ڕۆیی بە دەم بادی سەباوە
مورغی سەحەری حەقیە ئەکا ناڵە و هاوار
مایەی هەموو سووتاوە، هەموو ماڵی بڕاوە
خەڵقینە مەدەن تانە لە ناڵینی دڵی من
ئەم حوزن و غەمە بوو بە بەشی من لە خوداوە
وەک کوورەیی حەددادە دەروونم بە گڕی عەشق
بەو ئاگرە برژاوە، دڵم گۆشتی کوڵاوە
داوێنی کەوا ئاڵە، مەڵێ خامەکی سوورە
گشتی دەمی عوشاقە بە داوێنی ڕژاوە
باعیس بە غەمی یووسفی دڵدارە عەزیزم
پشتم وەکوو چەوگانە کە پیرانە چەماوە
چ بکەم، چ بڵێم، تیری ڕەقیب جەرگی بڕیوم
مەعلوومە بە ئەو تیرە ئەچم، کارم کراوە
ئەی یار ڕەقیب دەرکە لەبەر ئەو دەرە پاکە
وەڵلاهی لە سەگ پیسترە، گشت گیانی گڵاوە
وەک دێوی لەعین بۆتە عەدووی زومرەیی عوشاق
لێێ لادە، دەبا لا بێ، هەزار مەکری بە دواوە
ئەو سڕڕە کە مەخفی بووە لە بەینی من و یارا
سەیری کە ئەوێستا کە لە نێو عالەما بوە
ئەو مەیل و مولاقاتە، لە پێشا هەبوو ڕۆیی
ئەو ئایین و ئادابە هەر ئاساری نەماوە
عاشق ئەبێ مل کەچ بێ لەلا حەزرەتی مەحبووب
ماندەندی ویساڵی کە ملی ناوە بەلاوە

پەراوێز edit