ئاڵەکۆک

ویساڵی add_a_photo
ویساڵی دیوانی ویساڵی
١١٠. ویساڵی تۆ لە گەماوی ئەمین بە تازە نایگەیتێ
ویساڵی تۆ لە گەماوی ئەمین بە تازە نایگەیتێ
ئیتر بێسوودە تێکوشین خەیاڵاتت هەموو خاوە
ڕەفیقان چونکە ئازا بوون هەموو دیاری خۆیان ڕێکخست
بە توێشووی چاکەوە ڕۆیین، بە دیاری چاک و ڕازاوە
دەمێکە گەیونە مەنزڵ لە غوسسەی ڕێگا ڕاهی بوون
لە جەننەت وا بە دڵشادی ئەکەن سەیرانی سەرچاوە
کەسێ گەر ڕێی لەبەر بێ، لازمە بۆ ڕێ و لە بۆ مەولاش
کە توێشووی خۆی بەرێ و بڕوا بەلای فەرمانی مەولاوە
ویساڵی قوڕبەسەر چی کا؟ بەبێ توێشوو، بە بێ دیاری
بە ڕووت و قووت و مەخجوولی ئەوا حەیران و داماوە
مەگەر پێخاوس و سەرقوتین بچێ بۆ خزمەتی جەددی
لەوێ هەر خاک بەسەردا کا بە مەحجووبی هەتا ماوە
ویساڵی وێڵ و سەرگەردان، بەبێ هەمدم ئەکا ئەفغان
ڕەفیق ڕۆیین بە ڕووسووری ئەویش ڕووڕەش بەجێ ماوە

پەراوێز edit