دڵم سووتا لە عەشقی ئەو کەوا زەردەی کەمەر چینە
سەری زوڵفی هەتا بەر پێ لەسەر یەک چین لەسەر چینە
سوتاوە خانەیی سەبرم کڵوکۆی دامرا سینە
بەسە تاقەت نەما تۆ بی خوا ڕووت هێندە مەنوێنە
دڵم گوم بوو بەدوویا زۆر گەڕام و تازە حاڵی بووم
لەناو گێژاوی بەحری عەشقی خۆتا بوو مەیخنکێنە
هەزار ئاڵای شیعاری ماه و خۆر هەڵکا موسوڵمانم
ڕەفێقی هەم نەفەس، بڕوا نەکەی! وەڵڵاهی بێ دینە
ئەڵێن وا یار بەدەستی خۆی ئەبەخشێ شەربەتی ئاشتی
ئەگەر زەهریشی بێ ئەیخۆم لە دەست ئەو یارە شیرینە