خۆزگە سەد خۆزگەم بەوەی مەیلی بە دڵداری نییە
ئەو کەسەی یاری نەبێ مەعلوومە ئازاری نییە
من لەژێر باری غەما عەینی کەمانە قامەتم
خوا پێداوی وایش هەیە ڕووقائیمە باری نییە
خۆ بە شمشێری برۆ و موژگانی دیدە کوشتمی
هێندە بێ شەرمە وەفاکەی پار و پێراری نییە
چاو تەمای بینی نەماوە بێ تەماشای ڕوویی ئەو
غەیری تەسلیمی قەزا بێچارەیە چاری نییە
قەولی زۆری داوە پێمان هیچی نەیهێناوە جێ
وادە تێپەڕ بوو لە دوو ساڵ نیمەکرداری نییە
باغی جوانان پڕ لە سەرو و عەرعەر و عوود و چنار
حەیفە ئەم باغە جوانە داری بەرداری نییە
حمدلله موددەتێکی زۆرە ڕەنجوورە ڕەقیب
هێندە گیانسەختە چ فایدە دەردەکەی کاری نییە
ئەم خەیاڵاتە هەموو هیچە ئەگەر ڕاستت ئەوێ
ڕێگەیی چاتر لە قاپیی حەزرەتی باری نییە