ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٨١. خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە
خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە
هەر وەکوو پەروانە دەوری شەمعی ڕووی جانانتە
دڵ بە دڵ بۆ ڕابەرت ئیختیاری پێ نەما
دائیمەن فەرمانبەری فەرمانبەری فەرمانتە
فکری وا بوو بۆ ڕەقیب دەستی لە ئێمە هەڵگرێ
ئەی دەخیلت بم نەکەی دەستی من و دامانتە
مەزرەعەی دڵ دەردی بێ ئاوی ئەکێشێ بۆ خوا
دەستوبردێ چاوەڕوانی قەترەیە بارانتە
دوا ئەوەی سینەم برینی کۆن سەری هەڵدایەوە
تێگەییشتم زەخمی نووکی تیرەکەی موژگانتە
هاژەیی فرمێسکی دوو چاوم بەکرەجۆی گرتۆتە بەر
غەیر لە دووری تۆیە بۆیە وا بەکوڵ گریانتە
جەژنی قوربانە بەقوربان نۆبەتی قوربانییە
بۆ تۆ قوربانی بەقوربان گیانی من قوربانتە
تۆ لە کوێ ڕیزەسواری نەوجەوانانت لە کوێ؟
تازە بەم عومرە نیازی عەرزەیی مەیدانتە!
بەم هەموو دەرد و غەمە کەوتوویتە حاڵی هەمهەمە
تازە بێچارە نیازی بەزمی مەیخۆرانتە؟
دڵ لە دووریت شەو ئەسووتێ وەک فەنەر تاکو سەحەر
غەیر لە هیجرت شەوچراغی مەجلیسی دیوانتە
تافی جوانی چوو نەما کەوتوویتە حاڵی غەڕغەڕە
وا ئەزانم ئینتیزاری قەبرەکەی سەیوانتە
گردی سەیوان حورمەتی میوانەکانت ڕاگرە
پەنج و دوو ڕۆژێکی تر وا عارفیش میوانتە

پەراوێز edit