ئاڵەکۆک

عارف عورفی add_a_photo
عورفی دیوانی عارف عورفی
٧٣. هەموو ڕۆژم لەتاو ئێشی برینێ
هەموو ڕۆژم لەتاو ئێشی برینێ
لە کونجی سینە دێ ناڵەی حەزینێ
ئەمە ژینە ئەژیم تێیا لە دونیا
ژیانی چی خوا بیبڕێ چ ژینێ
لە لێشاوی زوخاوی سینە ئەڕزێ
لەژێر سەرما هەموو ئانێ سرینێ
بە ئوممێدم هەتا ماوم لە عومرا
خوا هەر چۆنێ بێ عەبدی بژینێ
فەقەت دائیم خەیاڵم ترسی مەرگە
ئەجەل بۆ گیانەکەم کەوتە کەمینێ
خوا ئەیزانێ لاشەم چۆن ئەنێژرێ
چ شوێنێ بێ لە کام خاک و زەمینێ
برادەر عاقیبەت هەر چوونە بۆمان
خوا هەر خۆی و هەر موڵکی ئەمێنێ
نەبەستی پشت بە ڕووخۆشی زەمانە
ئەوەندەی پێ نەچێ ئیمڕۆ و سوبەینێ
لەناو خانەی من و تۆ ڕۆژێ ئەیبینێ
لەپڕ بەرز بێ سەدای گریان و شینێ
کە وا بوو تاکوو ماوی ناوێ دەرکە
کڵاوێکی بە ڕەحمەت بوو لە سەرکە

پەراوێز edit