ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم
سەر لێ شێواو، دڵ سووتاوی دەردی بێ دەرمانتم
ئاه چ دەردێکە ئەچێژم ئەی وەتەن بۆ حاڵی تۆ
ئەشکی چاوی من دەلیلە ڕۆژ و شەو گریانتم
بۆ برینی دەردی دڵ بەس بگری ئەی دایکی وەتەن
مەمسووتێنە جانفیدای ئێشەکەی زامانتم
ناڵەی قەهری دەروونم ئاسمانی گرتە بەر
سۆزی دڵ بۆ ڕۆڵەکانی بێ سەر و سامانتم
ئەی وەتەن دایکی هەزاران تاجدار و ئەنبیا
کەسێ لەوان فریا نەکەوتووی بێکەسی و تاوانتم
دەردی بێ ئاوی بکێشی تا گوڵی ئەرزی وەتەن
ئەی فریشتە چاوەڕوانی قەترەیە بارانتم
موشکیلە دەس هەڵگرم لێت خاکی شیرینی وەتەن
ئاخری عومریش ئەسیری خاکەکەی سەیوانتم