کە وەسڵت دەست بدا بۆم هیچ خەیاڵی حووری عین ناکەم
گەدای بەردەرکی تۆ بم مەیلی فیردەوسی بەرین ناکەم
کەزوڵف و پەرچەمی چین چینی تۆ سایەی سەری من بێ
ئەبەد گەر بمدرێتێ پادشاهیی موڵکی چین ناکەم!
لە شەوقی ماچی لێوی شەککەرینت دڵ وەها مەستە
هەتا ماوم خەیاڵی قەند و نوقڵ و ئەنگەبین ناکەم
بەهەققی جووتە چاوی مەستی نازت گیانی شیرینم
بە شەو بێ یادی ڕووی تۆ سەر لەسەر گۆشەی سەرین ناکەم
نگینی خاڵی تۆم مەنزوورە خاکی بەردەرت جێمە
سولەیمان ی زەمان بم ئارەزووی تەختی نگین ناکەم