لە دووریت چاوەکەم دووربێ لە ڕووت ئالوودەیی دەردم
وەکوو بەرگی خەزان دائیم پەشێو و زویر و ڕەنگ زەردم
لە دووری پەرچەمی چین چین و شێواوت عەزیزی من
تەماشاکە چلۆن شێواوە یەکسەر قافیەی فەردم!
هەتا لێم دوورە خاڵی کوڵمەکەت ئەی گیانی شیرینم
بە جارێ سەیری کە گیراوە دائیم شەش دەری نەردم
جنێو و قاری تۆم لا باشترە بەخوا لە لوتفی خەڵک
لە جەوری تۆ ئەگەر شەکوا بکەم من دیارە نامەردم
ڕەفیقی حەزرەتی پەروانەم ئێستا من لە ڕێی عەشقا
بە قیژە و قیڕەقیڕ بولبول مەحاڵە بێ بە هاودەردم
کە دائیم خاکی سەر ڕێگای نیگارم هەقمە خەڵکینە
ئەڵێم بەڵکوو خودا بیکا بگاتە دامەنی گەردم!
ڕەفیقی ئەم زەمانە بێ وەفا و بێ شەرت و پەیمانن
لە ناو شار بۆیە من بێزارم و وێڵی کەژ و هەردم