شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: لە دووریت چاوەکەم دووربێ لە ڕووت ئالوودەیی دەردم لە دووریت چاوەکەم دووربێ لە ڕووت ئالوودەیی دەردم وەکوو بەرگی خەزان دائیم پەشێو و زویر و ڕەنگ زەردم لە دووری پەرچەمی چین چین و شێواوت عەزیزی من تەماشاکە چلۆن شێواوە یەکسەر قافیەی فەردم! هەتا لێم دوورە خاڵی کوڵمەکەت ئەی گیانی شیرینم بە جارێ سەیری کە گیراوە دائیم شەش دەری نەردم جنێو و قاری تۆم لا باشترە بەخوا لە لوتفی خەڵک لە جەوری تۆ ئەگەر شەکوا بکەم من دیارە نامەردم ڕەفیقی حەزرەتی پەروانەم ئێستا من لە ڕێی عەشقا بە قیژە و قیڕەقیڕ بولبول مەحاڵە بێ بە هاودەردم کە دائیم خاکی سەر ڕێگای نیگارم هەقمە خەڵکینە ئەڵێم بەڵکوو خودا بیکا بگاتە دامەنی گەردم! ڕەفیقی ئەم زەمانە بێ وەفا و بێ شەرت و پەیمانن لە ناو شار بۆیە من بێزارم و وێڵی کەژ و هەردم ++++++++++++++++++++++