شەماڵ بۆ لای لەیل شەماڵ بۆ لای لەیل
شەماڵ دەخیلم بچۆ بۆ لای لەیل
بۆ لای لەیلەکەی بێ وەفا بێ مەیل
پێشکەش کە نامەی دەروون لە خەم کەیل
بڵێ ئەی ئازیز شۆخی بێ پەیمان
بێ شەرت و مروەت بێ وەفا و ویژدان
مەجنوونی شەیدای هەرزەگێلەکەت
دەروون لە خەم کەیل شێت و وێڵەکەت
دائیم هەر ئەڵێ بە پەرۆشەوە
بە دڵی زویری پڕ خورۆشەوە
گیانەکەم خۆ من بە ڕۆژ و بە شەو
ناسرەوم دائیم بێ خۆراک و خەو
لە بەر دەرگاکەت هەتا بەیانی
ئەسووڕێمەوە بۆ پاسەوانی
بۆ بەردەبازی سەر ڕێگات سەرم
بۆ فەرشی بەرپێت دڵەی بە نەرم
دائیم ئامادەن بە ئارەزووی گیان
هەتا پێت نەگات زەرەر و زیان
تۆش کەچی تا بێ مەیلت کەم ئەبێ
دڵم دووچاری دەرد و خەم ئەبێ
نە ڕوویەکی خۆش نە وەفات هەیە
تەنها هەر جەور و هەر جەفات هەیە
منیش وا دڵم لە تۆتەوساوە
مەیلە گەرمەکەی ئەوسام نەماوە
ئەمجا کێ بیکات شەو پاسەوانی
لە بەر دەرگاکەت هەتا بەیانی
کێ دڵی لەت لەت بکات وەک شانە
کە پێی دابێنێت ئەم قژە جوانە!
من ڕزگارم بوو لە دەرد و جەفا
تۆ زیان ئەکەی یاری بێ وەفا