ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
٦٩. شاعیرێک هەبوو ناوی هومام بوو
شاعیرێک هەبوو ناوی هومام بوو
خەڵکی ئەسفەهان شیرین کەلام بوو
کوڕێکی هەبوو زۆر جوان و لاوچاک
ڕووی بە وێنەی ڕۆژ بە شەوق و ڕووناک
بە عەبا و پەچە ئەچوو بۆ گەڕان
هەتا نەیبینن پیاوان و ژنان
ڕووی گەر ڕووت بوایە دەستە بە دەستە
شوێنی ئەکەوتن بە دڵی خەستە
ڕۆژێ لە ڕۆژان جەنابی هومام
کوڕەکەی خۆی برد سەحەر بۆ حەمام
لە تاریکی دا کوڕەکەی دانا...
خۆی سەری ئەشت وەک ناتر ئازا
سەعدی شیرازی بە ئەمری یەزدان
وا ڕێکەوت چوو بۆ شاری ئەسفەهان
ئەیزانی کە وا جەنابی هومام
لەگەڵ کوڕەکەی چووە بۆ حەمام
خۆی ڕووت کردەوە چووە ژوورەوە
بە دڵی پاکی پڕ سروورەوە...
چووە پێشەوە زوو بۆلای هومام
پرسیاری لێ کرد هومام پاش سەلام
وتی: خەڵکی کوێیت شەخسی هونەرمەند
وتی: شیرازیم مەردی دڵپەسەند
وتی شیرازی بزانە قوربان
لە سەگ زۆرترن خۆ لە ئەسفەهان
سەعدی وتی پێی: مەردی هونەروەر
لە لامان ئێوە لە سەگن کەمتر
وتی تۆ شیعری سەعدی ئەزانی
بۆم بخوێنەوە بێ دڵ گرانی
سەعدی وتی پێی پەردەیە هومام
خودایە لا چێ بگەم بە مەرام
تێگەیشەت ئەمە سەعدی یە هومام
هەڵسایە سەرپێ زوو کردی سەلام
وتی سەعدی گیان کوڕەکەم بۆ تۆ
پێشکەشت ئەکەم بە بێ گفتوگۆ

پەراوێز edit