کە بۆ سەر موڵکی دڵ سەیری هوجوومی غەمزەکەی تۆم کرد
نیگارا یادی جەوری جەیشی چەنگیز و هەلاکۆم کرد
کە خاڵ و پەرچەمی تۆم دی خەجاڵەت بووم وتم یا ڕەب
لە ناو باخا لەبەرچی سەیری سونبول بۆنی شەوبۆم کرد
لە خەوما جامی ئاوی کەوسەری دامێ پەری ڕوویێ
سبەی زوو هاتە دی شوکری خوا ماچی دەمی تۆم کرد
نەبوو حاڵی لە باسی ڕووی گەنم ڕەنگیی بتان زاهید
کەچی زوو حاڵی لێ هات هەرکە باسی خەپلەیی جۆم کرد
هەموو تاعات و نوێژم تێگەیشتم گیانی شیرینم
نەبوو مەقبووڵ هەتاکوو سوجدەیی میحرابی ئەبرۆم کرد
تەماشاکە کەمالی من نییە فەرقم لەگەڵ فەرهاد
وەکوو ئەو بێستوونی کەند منیش وا قەلعی شاهۆم کرد