ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
١٤٩. سەرم گەر بەردە بازی ڕێت نەبێ پێشێلی دوژمن بێ
سەرم گەر بەردە بازی ڕێت نەبێ پێشێلی دوژمن بێ
دڵم گەر فەرشی بەر پێی تۆ نەبێ با ئەنجن ئەنجن بێ
لەبەر چاوم ئەگەر یەک لەحزە ون بێ شکڵی باڵاکەت
خودایە دوور لە ڕووی تۆ هەردوو چاوم سووژن ئاژن بێ
ئەکا ئێسکی ڕزیوم دەسبەجێ زیندوو لە پاش مەرگم
ئەگەر ئەو نازەنینە ساتێ بۆ سەر گۆڕەکەی من بێ
ئەگەر ڕوو دەربخەیت لام ڕۆژی ڕووناکە شەوی تاریک
کە کاتێ ڕووت نەبینم لام شەوە با ڕۆژی ڕۆشن بێ
لەگەڵما تۆ کە دەستەملان و یەکدڵ بیت نییە باکم
ڕەقیبی بەدڕەوشت با هەر خەریکی حیلە کردن بێت
ئیرادەی خوایە هەندێ دیلی تاتای پەرچەمە و هەندێ
ئەبێ هەر عاشقی پەنجەی خەناوی و قۆڵ و بازن بێ
کە قووتت دا هەموو یەک لەحزەیە تامی نییە فەرقی
کەمالی گەر پڵاوی سەدری یاخۆ نانی هەرزن بێ

پەراوێز edit