ئەوەی یەک دەفعە بینی سیحری غەمزەی چاوی کاڵی تۆ
بە خۆشی و کەیف ئەزانێ گیانەکەم جەور و مەلالی تۆ
هەچی توغرا ئەنووسن تاکوو ئەمڕۆ کەس نەبوو یارای
بکێشێ سوورەتی مانەندی ئەبرۆی وەک هیلالی تۆ
لە موڵکی نازدا تۆی پادشاهی حوسن و ئان قوربان
زەوالی قەت نەبێ یا ڕەببی تا مەحشەر جەمالی تۆ
لە چینی پەرچەمی یارا چییە ئەحواڵی تۆ ئەی دڵ!
شەمال ئەمڕۆ پەرێشانی بە من دا شەرحی حاڵی تۆ
بە پیری بەختەوە ئێستاکە من وا گورج ئەڕۆم چونکە
بە شەوق و سۆزەوە دای پێم شوکور موژدەی ویساڵی تۆ
بە فرمێسک پاک ئەکەم دیوانی چاوی خۆم و ئەیزانم
نییە لایەق بەوە جێی بێتەوە تێیدا خەیاڵی تۆ
نیگارا بۆنی گوڵ هات ئاشتی چاکە وەرە توخوا
بەهارە بۆ منی دێوانە ڕووی فەرخوندە خاڵی تۆ
لە نەزعایە دەسا تووبی خوا یەک لەحزە بێ بۆلای
لە تاو دووریت خەریکە گیان ئەدا گیانە کەمالی تۆ