ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
١١٢. وەفاداری
وا ئەگێڕنەوە مەجنوونی شەیدا
چەند ڕۆژێ بە شوێن لەیلدا ئەگەڕا
لە سارا و دەشتا دەروون لە خەم کەیل
بێ شەرم ئەگریا بۆ لەیلی پڕ مەیل
ڕۆژێ لە ڕۆژان بە دڵەی خەمبار
ڕێگای کەوتە لای هەوارگەکەی یار
سەیری کرد خێڵی باوانی لەیلا
باری کردووە زۆر دای تەقەللا
هیچ کەسی نەدی دیوارێ مابوو
کە وا بە دەستی لەیلێ کرا بوو
دەستکردی لەیلای شۆخی نازدار بوو
سێبەری شیفای قەیسی بیمار بوو
لەو سێبەرەدا مەجنوونی دڵ ڕێش
دانیشت زامانی کەمێ بوو ساڕێش
سەیری کرد سەگێک لاواز و زامدار
کەوتووە لەژێر سێبەری دیوار
ئەڵێسێتەوە بە زوبان زامی
ڕەش بووە وەکوو دەوار ئەندامی
چووە بەردەمی مەجنوونی شەیدا
گەلێ بەزەیی هاتەوە پێیدا
وتی پاسەوانی ڕەشماڵی دڵدار
ئێشکچی لەیلا شەوان لای دیوار
چەرخەچی شەوان لە سارا و لە دەشت
بەبری شێر شکار بۆ ئاسکی چەشت
ئەم حاڵە چییە چیت لێ قەوماوە؟
ئەڵێی ئەندامت بە تیغ جنراوە!
بۆ چی پاش لەیلێ شای بەینەتداران
هەر تۆ جێماویت وا لە هەواران!
لە پاشان مەجنوون سەیری سارای کرد
ڕاوکەرێک ئەهات بە ڕێوە لە هەرد
ئاسکی کوشتبوو و دابووی بە شانا
بە گورجی ئەهات لە بیابانا
چوو بۆ لای ڕاوکەر مەجنوونی بەدحاڵ
کە وەکوو گەدا لێی بکا سواڵ
وتی ئەی ڕاوکەر بە عەشقی پیرت
ئەمڕۆ ببەخشە بە من نێچیرت
ڕاوکەر مەردانە بە دڵی مەحزوون
لاشەی ئاسکەکەی دایە دەست مەجنوون
مەجنوون ئاسکەکەی قیمەکرد بە تیخ
جەرگ و دڵەکەی خێرا دا لە سیخ
بە دڵی پڕ شوور هیجران بردەوە
بە گڕی دەروون ئاگری کردەوە
کردی بە کەباب بە دڵی سووتاو
خوێی کرد ئازانە بە فرمێسکی چاو
دای بە سەگەکە بە تالووکە و دەو
وتی ئەی هەژار بێ خۆراک و خەو
ئەمە کەبابی قەیس ی کوژراوە
چونکە نەخۆشیت بۆ تۆم هێناوە
فەرموو نۆشی کە شیفای جەستەت بێ
مەرهەمی زامی لەشی خەستەت بێ
چەند ڕۆژ گۆشتی خوارد جا سەگی هەژار
زامی ساڕێژ بوو تەواو بەیەکجار
هێزی لە گۆشتی کەباب بوو تازە
هەڵسا لە دەشتا کەوتە جامبازە
بە غار دەستبەجێ چوو بۆ لای لەیلێ
خۆی خستە داوێن خاکی پای لەیلێ
لەوە پاش مەجنوون هەر کاتێ ئەچوو
کە تێر ببینێ لەیل بە ئارەزوو
ئەو سەگە ئەچوو وەک خاوەن فامان
داوێنی مەجنوونی ئەگرت بە ددان
ئەی برد بۆ خزمەت مەحبووبی نازدار
هەتا بە حاڵی نەزانێ بەدکار
مەجنوون بە دیدار لەیلێ ئەبوو شاد
خەرمانی خەمی خۆی ئەدا بە باد
گەر وا نەبوایە مەجنوونی هەژار
هەرگیز نەیئەدی مەحبووبی نازدار
داد لە دەست جەوری بەدخویی ڕەقیب
نایەڵێ دڵدار یار بێ بە نسیب
گۆشت بدەی بە سەگ وا وەفادارە
گەنج بە بە بەدکار هەر جەفاکارە
لە سەیدی هەورامانییەوە

پەراوێز edit