لە حەفتا ساڵەدا عاشق دەمی تافی جوانیی بوو
نیگاری نازەنینی تا نیگاهێکی نیهانی بوو
بە شوعلەی ڕووی وەکوو پەروانە خۆم زوو کرد بە قوربانی
بە تەئسیراتی مەی ساقی کە ڕەنگی ئەرخەوانی بوو
قەڵەم بێگانەیە ناوت نەهێنم زویر مەبە توخوا
ڕەقیب ئاسا کە چونکە هەر خەریکی دوو زوبانی بوو
لە دنیادا ڕەفیقی گیانی گیانی قەت نەبینراوە
هەتا ئەولادی خۆم من دیم لەگەڵ من نانی نانی بوو
بە تیری غەمزە زانیم کون ئەکا جەرگ و دڵم ئاخر
کە دیم تاقی برۆی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە کەوانی بوو
لە کێلی قەبرەکەم تو خوا بنووسن مەهجەبین، خەڵکە
بزانن تا کەمالی کوشتەیی دەستی فڵانی بوو