لە سایەی نەخلی تووبای قامەتی ئەو نەونیهالانە
سولێمانی بەهەشتی عەدلە، یەعنی پڕ لە غیلمانە
دڵی زاهید بەجارێ بۆ نەبێتە بولبول و قومری؟ !
لەلایەک گوڵ، لەلایەک جیلوەیی سەروی خەرامانە
عەلی کەیوانە، تەوفیق زوهرەیە، نووری شەباهەنگە
عەزیز خان ئافتابی حوسنە، فائیق ماهی تابانە
بە یادی خەندەیی ئەو بۆ نەژی غەوواسی دڵ، یاران
«عەلی» یاقووتی یاقووتە، «عەلی» مەرجانی مەرجانە
وەها بازاڕی حوسنی گەرمە «تەوفیق»، وەک «عەزیز» ی خۆم
خەریکی ڕۆحە بیدا موشتەری گەر ماهی کەنعانە
بە سەربەستی مەڕۆ ئەی «بیژەن»ی دڵ بۆ نەزەر بازی
مەگەر نازانی «نووری» ساحەبی چاهی زەنەخدانە
ئەوە ڕوخسارە یاخۆ قیبلەیی حاجاتی ئیسلامە!
ئەوە میحرابە، یا تاقی خەمی ئەبرۆی «عەزیز خان»ە
لە توڕڕەی کافری «فائیق» مەدەن ئەی ڕەهڕەوانی دین
ئەوەندەی لێ ئەزانم ڕەهزەنی کاروانی ئیمانە
لە عەبدێکی وەکوو من گەر ئەپرسن سەییدت کێیە؟
ئەمیری مالیکی جان، یەعنی شاهەنشاهی خووبانە
یەدی بەیزای بەغەڵ پەروەردەیی ئیعجازی شۆخێکە
لە عەینی فەسڵی شەودا ساحەبی سوبحی گریبانە
زەمانی نەزعە، توخوا لێم مەپۆشە، چاوەکەم چاوت
پیاڵەت بێنە گەردش ساقیا، سا وەختی ئیحسانە
ئەوەندە وەسفی لەعلی لێوی شیرینی ئەمانەم کرد
کەلامم بۆیە وەک «بەنگاڵ»ە، بێخود شەککەرستانە