تا لە من ئەو ماهی چاوبەخومارە خۆی ون کردووە
تفڵی دڵمی تووشی بیماری سەروبن کردووە
من لە حەڵقەی خەتمی نازا زۆر هیلاکی غەمزە نیم
ڕابیتەی ئەبرۆ جگەرمی ئەنجن ئەنجن کردووە
قەت بە بێداریم نەدی تالیع، ئەڵێی مامانی دەهر...
گۆشی ئەم منداڵە بەدبەختەی بە نووستن کردووە
تۆ خودا با هیندە بگریم تا بزانن شارەزوور
سەیلی فرمێسکی من ئاوی زەڵمی لیخن کردووە
خوا لە دزیایش هەتا ئەحمەد بڕندە و تا پریس
تا عەبابەیلێ و هەڵەبجەی قیبلە بۆ من کردووە
ئەی فیدای ڕەحم و وەفاتان بم، مەگەر من یۆسفم
ئەم برای خۆتانە وا ئاوارە و ون کردووە
ئێوە عیلم و فی المثل بەندەش مەلا، بێ ئیختیار
خوا منی بۆ خوانی وەسڵی ئێوە نەوسن کردووە
گەر کەتان و ڕۆژپەرستی ئێوە نیم، بۆ ڕۆژ و شەو
ڕووم لە مانگ و ڕۆژی وارماوا و بێدن کردووە
نامەتان نایێت و ئەشزانن کە چاوڕێژی ئەزەل
چاوی تاریکی منی بەو سورمە ڕۆشن کردووە
هێندە بێ ڕەحمن ئەڵێی ئاسنگەری ڕۆژی ألَسْت
دەرحەقی من لەوحی دڵتانی لە ئاسن کردووە
گەر ئەپرسن چۆنە بێخود؟ دڕک و داڵی دەشتی ئیشق
دوور لە ئێوە پێی دڵیشی دەرزیئاژن کردووە