بە شەو دەرزیی موژە مەشغووڵە یەعنی چاک ئەکا سینە
بە ڕۆژ چۆغەی دڵی عالەم ئەدا ئەو شۆخە ماکینە
وەها پەرچەم ئیحاتەی دەوری جەبهەی داوە ڕۆژ و شەو
ئەڵێی تەسخیری موڵکی ڕۆم ئەکا ئەم حاکمی چینە
کە پێی هێنایە باغی دڵمەوە یارم بە دەستی ناز
گوڵی سەبری چنی یەک دەفعە ئەو بێ ڕەحمە گوڵچینە
لە تەحریکی مەکینە هاتە گوێم دەنگێ بە سۆز ئەیوت:
خوا بمکەی فیدای ئەو ساعید و ساقی بلوورینە
بە ئەبرۆی وەسمە ڕەنگی کوشتمی، خوێنم مەفەوتێنن
گەواهم بۆ سبووتی موددەعا شمشێری خوێنینە
لە شەوقی ئینعیکاسی خاڵی ماوی ئەو کەوا تاقە
لەبەر نیلۆفەڕی ئەنجوم زەمین وەک ئاسمان شینە
هەناسەی لێوی لالەی کێیە وا ڕەنگی بەهاری ڕشت
کە ئەم دنیایە یەکسەر باغە، ئەم سەحرایە ڕەنگینە
خوا بمکەی بە پۆڕێ ئاشیانم مەنزەری ئەو بێ
کە شایەد ببمە سەیدی غەمزەیی ئەو چاوە شاهینە
بە وەسڵی ئەو نیگارە بێ ڕەقیب زەحمەت بگەی بێخود
لە دنیادا کەسێ بێ ئەژدەها نەیدیوە گەنجینە