ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٤٩. ساف‌دەروون، داری دەستی بەدکارە
ساف‌دەروون، داری دەستی بەدکارە
بۆیە شەڕەدار زۆرە لەم شارە

ئەو قەومەی پیشەی دەوەن بە ئاشە
سێبەری ڕوەو ڕۆژە لە پاشە

ئەو پیاوە گەورەی کە خۆش باوەڕە
بەدەست خەڵکەوە مێکوتی ساوەرە

زینهار خوار دەستت بە کەم مەبینە
بۆیە بە کینە، لێت نائەمینە

هی وامان هەیە دێتە لات خۆشێ
بە خۆت نازانی، تا دەتفرۆشێ

بە بەندیخانە پیاو عاقڵ دەبێ
هەندێ سەرچڵ و زۆرەمل دەبێ

هەندێ بە فریو گەیوەتە پایە
شەیتان لە بەرگی فریشتە دایە

کەسێ بوێرێ بیسمیللا بکا
وەرە سەیر کە چۆن ئابڕوویان تکا

سەلاحییەتی ساڵحانم نییە
بڵێم: ئەمە ڕەش، ئەمە سپییە

کە کەلیمەی "ڕەش" وەرگەڕێتەوە
دەبینی شەڕی لێ دەبێتەوە

جەژنی میلاد و ئێمە یەک کەوتن
ئێرە بۆیە یەک ناکەون، چەوتن

جاران "حاجیلێ بە خێرێ" باو بوو
لە بەختی ئێمە گوێزی بێ ناو بوو
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٦٤.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit