ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٤٨. جاران کاسەی دۆ کەوچکی تیا بوو
جاران کاسەی دۆ کەوچکی تیا بوو
بە ڕیزە هەرکەس نۆرەی جیا بوو

ئێستا هەر کەسێ پیاڵەی خۆی پڕ کا
بەشی کەس نادا بشڵێی: وا خنکا

"ئەسکەمل" جاران کە سیرمەدار بوو
هەر چوار تەرەفی لێوە دیار بوو

ئێستا گەورەکان "قۆڵتۆغ"نشینن
ئەم‌لاو ئەولا و دوای خۆیان نابینن

خۆزگە ئەو عەقڵەی پێش چوونە سەرکار
لە سەردا ئەما و ئەتهێنایە کار

خۆزگه‌ به‌ڵێن وه‌ک ماست سپی ده‌بوو
به‌سه‌ر لێوه‌وه‌ شوێنێکی ده‌‌بوو

ماست و ڕاست ئێستا بوونە مۆدەی کۆن
شەرم و تەریقی نەهێشتوە "پاردۆن"١

بیستم ئاغاکەی دێی "سیامەنسوور"
ئەحواڵی منی کردووە بە دەستوور

وتوویە تاکو پیشەی درۆ بوو
موتەسەڕڕیف بوو هەم سەربەخۆ بوو

بووبوو بە عوزوی مەجلیسی عالی
زۆری نەمابوو ببێ بە والی

ئێستا کە تەرکی درۆی کردووە
چاوەڕێی کەوش و پاڵتۆی مردووە

ئەو ماڵ‌وێرانە بۆچ وا ڕاست ئەڕوا
ئەم ڕاستگۆییە ئەوی خستە دوا

١. پاردۆن: ببووره‌
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٦٣.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit