ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٤٧. یەکێ تەعریفی قانوونی پرسی
یەکێ تەعریفی قانوونی پرسی
وتی: ئەیزانی ئەگەر نەترسی

وتم من ئێستا لە دونیادا نیم
بە خواردەمەنی و زەماوەند ئەژیم

قانوون بۆ بەزم و بۆ زەماوەنده‌
گۆرانی له‌سه‌ر "قانوون" په‌سنده‌

جاران ئه‌یانگووت " قانوون" ڕێبازە
بەو ئەندازەیە هەرگیز مەنازە

بۆ سلێمانیش قانوون نەبووە
قانوونی خوامان لا بەسەر چووە

هەندێ بە ئەحزاب خۆیان هەڵدەنێن
نوقتەی سەرەوەی لای ڕاست دائەنێن

ئێمە کە فێری شەڕە گەڕەکین
کە بووینە ئەحزاب کێ دەڵێ یەکین

هەندێ بە عیلم و خووی چاک ئەنازن
تا دەمرن حەسرەت بە نان و پیازن

وەکو ئاغاکەی دێی "سیامەنسوور"
مەدحێکی زۆریان کرد بە واتەی دوور

کە هاتە ئێرە منیش هەر وام دی
کەچی وەعدی دا زوو هێنایە دی

بەوە تێگەییم کە نابێ بە پیاو
چونکە بە درۆ" رجال" دێتە ناو١

١. یانی درۆی نه‌کرد. حال وایه ئینسان به درۆ ده‌بێته‌ پیاوی گه‌وره‌. مه‌به‌ستی له‌ "پیاو" لێره‌دا پیاوی گه‌وره‌ و خاوه‌ن پایه‌یه‌. ئه‌گینا شێخ قادر پیاوێکی پیاوانه‌ی هه‌ڵکه‌وتوو بوو.
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٦٢.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit