ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٤٥. بۆنی گول لە لای قالۆنچە دەردە
بۆنی گول لە لای قالۆنچە دەردە
ژن بێ ڕووسووری ناچێتە پەردە

"برا ! ئەم پیاگە سەیری چەند خۆشە
من بێژم: نێرە، بێژێ: بیدۆشە"

ئۆخەیچ کە ئێستا زۆردار بێ هێزە
لە بیرتە ئەیگوت گاڵت وەگوێزە

نەک ئەمری وەزیر فەرموودەی شا بێ
لەم زەویە ڕەقە چەوەندەر نابێ

کە تۆ خۆت شل کرد لە ڕووی ناکەسێ
ئەڵێ: بڕوانە چۆن لێم ئەترسێ؟

چاکە لەگەڵ بەد خراپ ناو ئەبرێ
کە گورگ بەخێو کەی خوای مەڕ ئەتگرێ

مێروولە کە خوا غەزەبی لێگرت
کاتێکت زانی لە پڕ باڵی گرت

خانوێکم هەیە زۆر ناتەواوە
دار و پەردووی باش ئێستا نەماوە

ساڵێ سێ جاری هەڵدەگێڕمەوە
لە پڕ دەڕووخێ ناحەوێمەوە

ئەمساڵ مەبعووسی هاتوه‌تە ڕەواج
ڕەسمی ئیفتیتاح کەوتە بەر میعراج

بەڵام عومر و ڕزق لە بەراتایە
بزانین بە بەرات کێ دێتە کایە

شایی شاییکەر لۆغەی دراوسێ
لە تازیەی ژنان سەرم دەئاوسێ
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٦٠.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit