ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٣٥. گەرمای هاوینە گەرمەی میوەیە
گەرمای هاوینە گەرمەی میوەیە
ئاخ میوە ئەمساڵ شەرای پێوەیە

کاڵەک گران بوو تێرم لێ نەخوارد
کەچی کوتوپڕ گەرمای تی بنارد

خوا نەیداوینێ ساڵێ ئۆخەی کەین
شادی بێ و تاڵی نەکەوێتە بەین

ئێستا وەختێکە به‌ خۆشی و سەیران
هەموو ئێواران بچینە سەر بێستان

کەچی بە هیچە بۆ قینەبەری
لە خۆش ڕابواردن خۆ دەکەین بەری

عەیزاغا و میرزا زیندوو بوونەوە
شێرزاد و شێرخان تێک هەڵچوونەوە

ئەوە چاکی کرد بێ لایی نواند
لای "معاویە" تیکەی خۆی ئەگلاند

نوێژی لە پشتی "عەلی"یەوە دەکرد
کە بوو بە هەڵدا ڕای کردە سەر گرد

خۆ من نەوسنم بەڵام ئەو نانە
کە بۆنی لێ بێ نایخۆم گرانە

لە پشت کەسەوە جەماعەت ناکەم
بۆ وڵاتەکەم بە هیوای چاکەم

هەڵدایشم ناوێ بۆی بچمە سەر گرد
ئاخ هەموو لایێ وەک منیان دەکرد

ئێمە کە لەسەر هیچمان نەکردن
دوو کەس دەمێنێ شایستەی مردن

خۆزگە بۆ چاکی وا یەک دەکەوتین
بە هیچ قووەتێ دانەدەکەوتین
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٤٩.
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit