ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
١٦. گاڵتەی مناڵان هاتەوە کایە
گاڵتەی مناڵان هاتەوە کایە
بۆ مقۆ مقۆ، بوو بە سەرمایە

وا بە یاری کۆن گاڵتە پێک ئەکەین
لێمان زویر مەبن ناوی کەس نابەین

بە گەنم گەنم گەوج تێدەکەوێ
بەڵام "ڕێوی چوو" سیخورمەی دەوێ

"ئاشە تەندوورە"ی زەمانە وایە
هەرچی کە سوار بێ شەقی لە دوایە

لەبەر چەپۆکان زۆر جل خوار بووە
"بابی بابی"یە وا کەر سوار بووە

نانی خۆت بجوو وەرکەوە لەوێ
کڵاو بفڕێنی خەڵک دووت ئەکەوێ

لە "سنگەوباز"دا ئەبێ دواکەوی
کە بووی بە خەلفە هەر تێدەکەوی

کەس ناڵێ حەمام بە فوو گەرم ئەبێ
بە "پشت لێدانە" کۆڵنج نەرم ئەبێ

ئەگەر "قاڕنەتۆپ" تەواو بزانی
لە"قەل‌وشار"دا وەستای چوار نانی

هیچ کەس بۆ سێ‌باز هێزی نەماوە
ئێستا "کەوشەکی عاڕەبی" باوە

بەخوێندەواری کار نایەتە گیر
مدیریی بووە بە "میروگزیر"

"پەنای بێ‌دەنگ "ە تووڕەیی نابێ
ئەگەر سەد گۆێچکەی تیا ڕاکێشرابێ

بو بێ ئابڕوو زۆر چشت موباحە
ئەوی بێدەنگە "کۆلکی مزراحە"

بە گوریسی خەڵک ئەچین بۆداران
ئەڵێی، نە بامان دیوە، نە باران

خوێن پەڕیە سەرت لووتت ئەپژێ
کاسە کە پڕ بوو ئەوسا دەڕژێ
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٧٢.
ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit