ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
١٥. دنیا سێبەرە دوای کەوی دەڕوا
دنیا سێبەرە دوای کەوی دەڕوا
کە ڕووت وەرگێڕا ئەوت دێ لە دوا

تا گەورەتر بی خەفەتت زۆرە
کاتێکت خۆشە بکەویە نۆرە

گەورەیی ئێستا دەردیسەرییە
ئەچەوسێتەوە و لە خەو بەرییە

نایشڵێن بۆ ئێمە جستوجۆیەتی
ئەڵێن کردوکۆی هەر بۆ خۆیەتی

ئەوسا پشتێنی لێ دەکەیتەوە
کە خۆت لە بێکار جوێ بکەیتەوە

ئەم دنیا حیزە بەری زۆر دوورە
هەتا تۆ بڕۆی ئەو خواروژوورە

زۆر جار چاوی ڕەش کاڵ ئەبێتەوە
زۆر دان به‌ ترشی لاڵ ئه‌بێته‌وه‌ ١

تیکە قووت ئەدەن ناپرسن چییە؟
ئەم لوقمە چەورە بێ لەقمە نییە

کە لەسەر خواردن نەڵێی ناوی خوا
ئەڵێن: جنۆکە لە گەڵت ئەخوا ٢

دەست لە ئینسانی دڵ شکست مەدەن
بڵێی بیسمیلا جوێنت پێ ئەدەن

ئەگەر پشت بەستی بە دۆستی دوێنێ
گەزی چی و جاوی چیت بۆ دەمێنێ؟

بەشی خواردنە مانگانەی چنۆک
حەوز پڕ ئەبێ بە تنۆک تنۆک

١. له‌ چاپه‌که‌ی ڕه‌فیق ساڵحی ئاوایه:
زۆر جار چاوی ڕەش کاڵ ئەبێتەوە
ناڵێن چاو بە چاو ئەکەوێتەوە
٢. یانی گەدەی با دەکات.
٣. یەکێ لە ڕەوشتەکانی پێغەمبەر (د. خ) ئەوەیە پێش ئەوەی تەواو تێر بخۆی دەس لە نان خواردن بکێشییەوە. جا ئەگەر بیسمیللات کرد و بە وشیارییەوە نانت خوارد دەزانی چ بکەی. بەڵام ئەگەر چوویە سەر سفرە و ئاگات لەخۆ نەبوو زۆر لەوە پتر دەخۆی کە پێویستتە. جا بۆیە دەڵێن جنۆکە لە گەڵت دەخۆن.
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٧١.
ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit