ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی ئایینی
٤. جەژنی مەولوود
ئەمڕۆ مەولودی پێغەمبەرمانە
ئەو پێغەمبەرەی کە ڕەهبەرمانە

خوا فەرمووی ئەگەر تۆم شک نەئەبرد
چەرخی ئەفلاکم دروست نەئەکرد

بۆیەکم ناردیە ئەم سەر زەمینە
بڵێن ڕەحمەتەن لیلعالەمینە

دیارە ڕەحمەتی خوا هەر وا ئەبێ
ئەم دینە پاکەی لێ پەیدا ئەبێ

هەر لە ڕۆژهەڵات هەتا ڕۆژئاوا
چرای ئەم دینەی تیا هەڵکراوە

ئەگەر دینەکەی وا چاک نەبوایە
چۆن ئەم برەوەی ئەخستە کایە

تیفلێکی بێکەس خۆی نەخوێندەوار
خودا بەو دینە کردی بە سەردار

کاتێ موعجیزەی قورئانی نواند
ئایینی هەموو میللەتی شێواند

ئاگر و ئاوی کرد بە هەرەمە
هەرچی بۆ بڵێن هێشتا هەر کەمە

خوا ڕێی سروشتی لە دەست خۆی ناوە
هەر چۆنێ ویستی هەروا خولقاوە

بە ئایەی عەدلیی کەوا دێرێکە
موشریکەکانی هێنایە ڕێگە

بۆچ فەخر نەکەین بەو پێغەمبەرە
کە بۆ ئەنبیا هەر ئەو سەروەرە

موسلمان ئەبێ کردەوەی چاک بێ
موسڵمانەتی بە قسە نابێ

کە (وای) (متی)ی ئەو ئەهاتە بەر گوێم
لە شەرمەزاری، نازانم لە کوێم

حەیفە دین ئەمە و خۆمان بەدکار بین
ڕۆژی شەفاعەت لای شەرمەزار بین

با لەم ڕۆژەدا بە چاوێکی تەڕ
ڕۆحی مەولەوی بکەین بە ڕابەر
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٦٢ ـ ٦٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit