ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی ئایینی
١٧. ئەو عەشقە
ئەو عەشقەی لە گەڵ جنسی بەشەرە
بە هەوای نەفسە، دوایی بەشەڕە

خۆشەویستی خوا کە بە گیان بەندە
وەک شەراب هەتا کۆن بێ پەسەندە

ئەو سەرمەستیەی کە لە ڕۆحا بێ
دڵ ئاوا ئەکا، هەرچەند ڕووخا بێ

کە یادی خودا هاتە دڵەوە
بە سۆز و ناڵەو جۆش و کوڵەوە

ژەنگی دڵ لەگەڵ فرمێسکی چاوا
پاک ئەکاتەوە و ئەیدا بە ئاوا

دڵ پاک بێتەوە و ژەنگی نەمێنێ
عەرشی کردگار یەکسەر ئەبینێ

های لەو خۆشیە و لەو لیقای خوایە
سەڵتەنەتێکی ئەوتۆی تێدایە

شا بە سەپانی خۆی ڕاناگرێ
ئەم ڕووی زەمینە بە فلسێ ناکڕێ

ئینجا با خاوەن پایەی جیهانی
بتوانێ شانی بدا لە شانی

ئەوانەی کەوا بە مەسنەد بایین
لەگەڵ (چەرخ) گۆڕڕا، گشت چەرخی بابین

خوایە شوکرانەی تۆ تەواو ناکەم
لە سایەی تۆوە من ئەو بێ‌باکەم

کە ئەم فەلەکە پێی نەڵێم وەلەک
شەکری چایشم بووە بە بەلەک

هەر لە ژوورەوەم هاوین و زستان
هەرچی ئازایە بۆم بێتە مەیدان

جلی هاوینەم گۆڕی زستانە
ئەویش هی خەڵکە وا پێنج ساڵانە

زۆر جل و بەرگی تازە ئەبینی
لەشی لەش‌پیسی تێدا نهێنی

کە مەرگ ئەو بەرگەی لێ ئەکاتەوە
تاتە شۆر لەشی پاک ئەکاتەوە
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٩١و٩٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit