ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی بۆنەکان
٤. نه‌ورۆزنامه‌ی نه‌سرین و په‌روین
پار دێتە بیرم وەک خەوێ
که‌ دیبێتم پێرێ شەوێ
ساڵێکی وا تازەم دەوێ
کە کورد بەھاری بەرکەوێ

مژدە بێ ساڵ گەڕایەوە
ئاگری نەورۆز کرایەوە
بەفری زستان توایەوە
گژوگیا و گوڵ ژیایەوە
نوخشەش بێ لە کوردی بەھار

گوڵ لە باغا خۆی ده‌نوێنێ
بولبول بەڕوویدا دەخوێنێ
ھەور مرواری ئەپژێنێ
شەماڵ زینده‌گانی دێنێ
نێرگس مەستە و چاو بەخومار

وا فەرشی چیمەن ڕاخرا
گوڵاڵە بوو بە شەوچرا
گوڵ دەسته‌یان به‌ست وەک برا
نەسرین و لاولاو تێکخرا
ھاتنە لەنجە سەرو و چنار

بولبول شەو بەئاواتەوە
بادەی شەونم ئەخواتەوە
دەگری بە موناجاتەوە
بەڵکو گوڵ دەم بکاتەوە
ئەو پێکەنێ ئەم بگری بەزار

وەنەوشە وەک من شین پۆشە
لە سوجدە دایە خامۆشە
دڵی بۆ گریان بەجۆشە
بەھاری لە لا ناخۆشە
بێزارە لە نەغمەی ھوزار
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ١٥٥و١٥٦.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣١٣.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit