ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی بۆنەکان
١١. بۆ داخستنی گۆڤاری گه‌لاوێژ
داد لەدەست جەورت هەی چەرخی سەرچەوت
وا گەلاوێژ کەوت، گەلاوێژ بۆچ کەوت؟ ! ١

ئاسۆی ئەدەبی کوردی پڕ تەمە
سفیدەی بەیان، شینە، ماتەمە

ژین بۆ گەلاوێژ بووبوو بە پەرژین
ئێستا لەدوای ئەو بێزارە لە ژین

(ئیبراهیم) لەناو (نار)ا سووتاوە
(سەجادە)ی تەقوا بێ ڕایەڵ ماوە

هیوامان وایە کە چەرخ وەرگەڕێ
سەجادەم بەسەر شەتدا بگەڕێ

پیاوێکمان ئه‌مرێ تەعزیه‌ی بۆ ئەگرین
بۆچ بۆ گەلاوێژ، نەگرین تا دەمرین؟

گەلاوێژ هەرچەند جارجارە هەڵدێ
له بورجی خۆیدا، دوایی هه‌ر هه‌ڵدێ

١. گه‌لاوێژی یه‌که‌م ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ، دووه‌م؛ گۆڤاری گه‌لاوێژ.
گەورەیی پیرەمێرد و شارستانێتی ئەدەب:
کام سەردەمی مێژوویی بگرین و بە دوو چاوی سەرنج تێی بڕوانین، دەبینین وەک کارێکی سروشتی دەستەیەک خوێندەوار و شاعیر و نووسەر و نموونەی باڵای بەخۆوە گرتووە و سەرجەم شەقڵ و تام و بۆی ئەوکاتەیان پێوەلکاوە. دیارە پەیوەندی و دۆستایەتی و هەڵچوون و لێکدابڕان و تەنانەت دژایەتی و لەیەکتر خوێندن، سروشتێکی ئاسایی مرۆڤە و لە ڕۆژگارێکی جەنجاڵی تایبەتیشدا بەشێکی دانەبڕاوی ژیانێتی و لێی نابێتەوە.
لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا خوالێخۆشبوو حاجی تۆفیقی ناسراو بە پیرەمێرد، وەک شارەزاو گەورە پیاوێکی دڵسۆز لە بواری شیعر و چیرۆک و پەخشان و وەرگێڕان و پەندی پێشینان و سەربوردی دێرین و دانان و چاپکردنی کتێب و کاری ڕۆژنامە نووسی و خولیاو سەوداسەری نەورۆزی کورد، گەیشتبووە ئاستێکی باڵاو شێوەی فەیلەسوفێکی دەنواند، خزمەت و ڕەنجی فەرهادانەی پیرەمێرد لەپێناوی نەتەوەکەیدا لەوە ترازاوە کە بتوانرێ تۆسقاڵیک لە کێوی سەلیقەو توانست و گەورەیی بڕوشێنرێ. زۆرجار پەیوەندی ئەم خزمەتگوزارە باڵایە لەگەڵ خوێندەوارە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەدا بۆ ماوەیەکی کەم ڕووی لە نشێوی کردووە و داخزاوە، بەڵام گەورەیی و سەربڵندی لەوەدا بووە کە ئەم زیزبوونەی نەخستووەتە پێش بەرژەوەندی گشتی و مەسەلە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ژیانی نەتەوەکەی، کە ئەمەیش نیشانەی بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنە لە بنەماکانی شارستانێتی ئەدەب.
نووسەر و روناکبیری دیار خوالێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڵڵا جه‌وهه‌ر چەند جارێک و لە بۆنەی تایبەتیدا ناکۆکی نێوان پیرەمێرد و برایم ئەحمەدی باس کردووه‌، تەنانەت مامۆستا برایم لەو چاوپیکەوتنە پێنج سەعاتییەدا کە دکتۆر حسێن محەمەد عەزیز لەگەڵیدا سازی کردووە، ئەم مەسەلەیەی وەک نموونەیەکی ژیان و هەڵوێستی وروژاندووە، لەوەیش دواوە کە سکاڵای هەردوکیان گەیشتووەتە مامۆستای زانا خوالێخۆشبوو شێخ محەمەدی خاڵ، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک بدەینەوە و چاوێک بە رۆژنامەی ( ژیان )ی ژ ٥٣٨ ی رۆژی ١٠ ی ئابی ١٩٣٧ دا بگێڕین، دەبینین کە پیرەمێردی نەمر وەک خەمخۆر و هاندەرێکی تازەپیگەیشتووان، بەبۆنەی تەواوکردنی خوێندنی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە ئەم مژدانەیەی بڵاو بڵاوکردووەتەوە: «لە خوێندەوارە هەڵبژێراوەکانمان برایم ئەحمەد، کۆلیجی حقوقی تەواوکردووە و سەودای وەزیفەی نەکەوتووەتە کەللەوە، هاتووە ئەوقاتی دەکا، ئەم کورە ئیمە دەیناسین لە هەرچی زبان هەیە شێوەیەکی پەسەندی بۆ خۆی داناوە، خەلەفی خەلەف شەوقییە بە زەوقێکی عیلمی جەزبەیەکی شاعیری هەیە، ئەتوانێ دەعوا لە پەردەیەکی جواندا تەسویر بکاو بیباتە زیهنی گوێگرانەوه‌، خوا وێنەیان زیاد بکات.» لە کاتێکیشدا گۆڤاری ناوازەی گەلاوێژ بەبۆنەی بەندکردنی مامۆستا برایم ئەحمەدەوە لە مانگی ئابی ١٩٤٩ دا لە دەرچوون و بڵاوکردنەوەی ڕادەگیرێ، پیرەمێرد ئۆقرەی لێدەبڕێ و بە هەموو لایەکدا په‌له‌قاژه دەکات، نامەیەکی بەپەلەی خەماویش بۆ مامۆستا سەجادی دەنێرێ و لە ڕۆژنامەی (ژین) دا بۆی دەلاوینێتەوە و کۆری شیوەنی بۆ گەرم دەکات.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٤٤و٣٤٥.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٣٤و٣٣٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit