ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی بۆنەکان
١٠. بۆ شه‌هیدان مسته‌فا خۆشناو و محه‌ممه‌د قودسی
دیسان وا کۆستی نوێمان که‌وته‌وه
گه‌ڕی گه‌ردوونه‌، کوردی گرته‌وه

ئه‌م دوو دار ته‌رمه‌، دوو نه‌ڕه‌شێره‌
زنجیریان پچڕان، گه‌یینه‌وه‌ ئێره

له‌ ڕێی ئێمه‌دا، گیانیان فیداکرد
ناوی بڵندیان، وا بۆ خۆیان برد

ئه‌و په‌ته‌ی له ‌ملی ئه‌مانه‌ خرا
ئه‌وانی خنکاند، به‌ڵام په‌ت پچڕا

پڵنگی ئه‌نگێوراو به‌هه‌ڵمه‌تتره‌
گۆم هه‌تا قووڵ بێ، مه‌له‌ی خۆشتره‌

وا پێمان ئه‌ڵێن ده‌م به ‌پێکه‌نین
گیانمان فیداکرد، ئێوه‌ی پێ بژین

ئه‌م جووته‌ شێره‌، دلێری شه‌رزه
له‌ناو مێژوودا، ناویان زۆر به‌رزه‌

هیچ پێیان ناوێ کفن و دفن و شین
شه‌هیدان له‌ناو دڵمانا ئه‌ژین

یادی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کورد ١٩٤٧ کۆچی دوایی پیرەمێردی شاعیر ١٩/٠٦/١٩٥٠
بەرواری ٦/١٩ دوو ڕووداوی دیار، لەناو لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورد دا: پیره‌مێردی شاعیر سێ ساڵ پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، به ‌هۆی له‌ سێداره‌دانی چوار ئه‌فسه‌ره‌کەی کوردەوە ١٩/٠٦/١٩٤٧ مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د قودسی، عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و خێروڵا عه‌بدولکه‌ریم، هۆنراوه‌یەکی تایبەتی بۆ نووسیوون، کەچی خودی پیرەمێردیش لە هه‌مان به‌رواری ڕۆژ و مانگی له ‌سێداره‌دانی ئه‌واندا کۆچی دوایی کردووه‌، بەڵام بە جیاوازی ٣ ساڵ.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٤٣و٣٤٤.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٣٣و٣٣٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit