ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٩. سۆزی پیرەمێرد
هاوار تێپەڕی، هاوار تێپەڕی
دووری باڵاکەت لەحەد تێپەڕی
پەژارەت هێزی لە ئەژنۆم بڕی
لە هێلانەی دڵ شەوقی دڵ فڕی
فراقت فەرقی کرد بەکۆی مەفرەق
دڵ بە شەوقی غەم وەک شەبەق بوو شەق
تۆ جوێ بوویتەوەو گیان جیا بووەوە
رۆژی رووناکم تاریک بووەوە
تیرێکی وەهات داوە لە جەرگم
بێزارم لە ژین لام خۆشە مەرگم
توخوا خۆت بیڵێ نەونەمامی نۆ
مردن خۆشترە یاخود دووری تۆ
مردن جارێکەو زوو ئەبڕێتەوە
دووریت دەردێکە ئەتەنێتەوە
رەنگە جەستەی من شووشەی پۆڵا بێ
هێند بیڕەنجێنین هێشتا هەر مابێ
چەرخی چەپکردار خستوومیە سەما
وەک بەردم دابێ لە شووشەی سەما
نایەڵێ ساتێک بسرەوم بۆ خۆم
ئەمە ساڵێکە من چاوەڕێی تۆم
با شەوێک لەلات دەردم هەڵڕێژم
تامی شیرینی رازت بچێژم
ئینجا بشمرم هیچ باکم نابێ
گەرمە گۆڕمە نان و کەبابێ
ئێستا لە داخا هیچم پێ ناخورێ
نەوسن چۆن بەرگەی برسێتی ئەگرێ
دوو شتە رێگەی رزگاری من بێ
یا یار هی من بێ، یا یار هێمن بێ

پەراوێز edit