وا بەیانە گزنگی خۆر دەرکەوت
نمی شەونم بە تیشکی رۆژ سەرکەوت
خونجەگوڵ خۆنواندنی بەرکەوت
بولبولیش شۆڕی خستە ناو گوڵزار
لالە تارایە بۆ پەری شاخان
فێنکی گیانە بادی لەیلاخان
دەمی ئێوارە سێبەری باخان
خۆشە بۆ یار و بادەیی سەرشار
ئەم تەرانەی گوڵ و ملە گیانە
بێ تۆ لای من ژیانی زیندانە
جەژن و شادیم هەمیشە گریانە
من و بولبول جووتە زار و هەژار
فێری فرمێسکمە گوڵاڵەی دەورم
وا لە داخی تۆ بێ وەفا ئەمرم
چاوەڕێم کەوا بێیتە سەر قەبرم
بە هەوات زیندوو ببمەوە دووجار
لە بەهەشتا بە یادی تۆ شادم
بەتەماشای فریشتە ئازادم
جەننەت ئەفرۆشم ئادەمیزادم
بە نیگاهێکی دیدەیی بیمار