ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢٧. گیانە بەسیەتی
گیانە بەسیەتی، گیانە بەسیەتی
توخوا بەسیەتی دەرد و مەینەتی

هەر هێندە ئەبێ تووشی و نەگبەتی
قنیاتم تەنها ژاراوی پەتی

لە نەحسی چارە و بەختی گومڕاهم
عالەم بێزارە لە ناڵە و ئاهم

ئەجەل قولاپی گیر کرد لە جەرگم
نیشام ئەدا نیشانەی مەرگم

ئەوا هەناسەم کەوتە ژمارە
هێندەم نەماوە وا ئەمرم دیارە

توخوا وەسیەتم ئەمەیە لە لات
بە یادی عەشقی بەندەی جانفیدات

کاتێ کۆچم کرد بۆ هەوارگەی نۆ
ئاوام کردەوە مەنزڵگای گڵکۆ

ئەوسا دیار نابم لەبەر دەرگاکەت
چۆڵ ئەبێ لە من سایە و پەناکەت

بزانە هەی لەیل قەیست مردووە
حەسرەتی ڕووی تۆی بۆ خاک بردووە

من لەوێ تەنها پەژارەی تۆمە
چ باکی چۆڵی و ساردی گڵکۆمە

تۆش سا بێ باک بە لە تانەی ئەغیار
وەرە سەر قەبرم بۆم بگری جارجار

بڕوانە قەبرێک لە قەبران تاکە
بەردی وەک خەڵووز خاکی نمناکە

ئەوە شەرارەی قرچەی تاسەمە
تەپەدووکەڵی شوێن هەناسەمە

فیدات بم گیانە، من داخ بردەی تۆم
توخوا دانیشە کەمێک لە گڵکۆم

تۆزێک بۆم بگری گوێم لە دەنگتە
لەگەڵ فریشتەی منا جەنگتە

دڵۆپێ فرمێسک لە چاوت تکا
بەو فرمێسکەی تۆ خوا عەفوم ئەکا

تۆش وەفاداری لەگەڵ جوانی
بۆت ئەبێ بەناو فەخری جیهانی
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٩٨-٢٠٠.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی، یەکەم، لاپەڕە ٢٥٥و٢٥٦.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit