ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢٨. بگۆڕینەوە یان تۆ وام تێمەگە
تۆ وام تێمەگە من چیاگەردم
من خاوەن سوپای ئەندێشە و دەردم

هەرچی لە دەشت و چیا و سەر ئاوە
لەباتی شێتی خوا بە منی داوە

سفیدەی بەیان، زەردەی خۆرەتاو
تریفەی مانگ و لە نجەولاری ئاو

سڵ و ئاوڕ و گەردن بەرزی ئاسک
قاسپە قاسپی کەو لە سەر ئاسۆ و باسک

گوڵ و گوڵاڵە و نێرگسی بەهار
شۆخی بەڕەزا و چنوور لە نزار

ئەمانە یەک یەک بە تۆ ئەبەخشم
تۆش لە شێوەی خۆت بمدەرێ بەشم

بۆ سفیدەی سوبح سای بەرۆکەکەت
بۆ زەردەی خۆریش زەردەخەنەکەت

مانگ بۆ ڕوخسارت، ئاو بۆ جەبینت
ڕەمی ئاهوویش بۆ لەنجەی شیرینت

قاسپە قاسپی کەو بۆ قاقای جوانت
نەغمەی بولبول بۆ وردە ڕازانت

گوڵ بۆ نازکیت، گوڵاڵەش لێوت
چنوور بۆ زوڵفی لوولی پەشێوت

ئەمانەم لەگەڵ بگۆڕەرەوە
بەراوردیان کە و گرەو بەرەوە
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٠٥.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٥٨و٢٥٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit