ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢٦. گیانە (ئازیز) دڵەکەم کوڵ وکۆیەتی
گیانە دڵەکەم کۆڵ‌وکۆیەتی
ئارەزووی تیری پەنجەی تۆیەتی

دەمێکە گیڤەی تیرەکەت نایە
چی بکەم ژیر نابێ بە لایەلایە

بەستوومەتەوە بە هەودا بەنێ
بەملاوبەولادا هەروا مل ئەنێ

من وام ئەزانی کە دڵ پیر ئەبێ
ئەگەڕێتەوە، لای من ژیر ئەبێ

کەچی ناسرەوێ سا قوربان تیرێ
زۆر سەرەڕۆیە ئامان زنجیرێ

تاوتاو توڕڕەی تای پێشاندە تارتار
لووتی زۆر بەرزە بۆی بکە بە مەهار

وەرگێڕانی دووەم:
ئازیز دڵەکەم کڵوکۆیەتی
ئارەزووی تیری پەنجەی تۆیەتی

دەمێکە تیری تۆی لێ بڕاوە
برینی کۆن بوو ئێشی نەماوە

لووتی زۆر بەرزە، سا قوربان تیرێ
پەل ئەبزێوێ ئامان زنجیرێ

بە تایەکی زوڵف زوو مەهاری کە
بە تیرێکی تر کۆڵەواری کە

تای توڕڕەی زوڵفت بکە بە دامی
با ساڕێژ نەبێ، ناسۆر بێ زامی
ئازیز! وە مەرگت دڵ نە خرۆشەن
ئارەزووی خەدەنگ پەنجەکەی تۆشەن
خەیلێوەن نامان تیرەکەت، ئامان
نامان وە سەر وەخت بیمار زامان
وەختەن ساکن بۆ، قوربان سا تیرێ
دەماخش بەرزەن، دەخیل زنجیرێ
نەوا جە حیکمەت بەربشۆ وە بەر
جارجار وە تیرێ دڵنەواییش کەر
وەشوەش تای توغرای وێت بنمانە پێش
با ھەر ناسۆر بۆ، زوو نەبۆ ساڕێش

مەولەوی تاوەگۆزی
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٩٧و١٩٨.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ١١٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit