ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢٥. یاری چاویەشاو یان ئێشی دیدەی تۆ
دیدە، دیدەی تۆ، دیدە، دیدەی تۆ
با گەیاندیە گوێم، ئێشی دیدەی تۆ

دیدەی شابازی خۆش پەروازی تۆ
دیدە نموونەی عیشوە و نازی تۆ

قولاپی جەرگی ئەوەی ئەتبینێ
ئیتر خودگیریت لە لا نامێنێ

ئای جەزبەی چاوت چەند بە تەئسیرە
بە نیگایەکی دڵ چەند ئەسیرە

حەیفە ئەو چاوە لە بەرچاو نەبێ
دڵی عاشقان پێی بە داو نەبێ

شێتی چاوت بووم چوومە میری سوور
دۆعام بۆ کردی لە نزیک و دوور

چاوی چڵکنە لێت کەوتۆتە کار
بە (إِن يَكَادُ)١ بۆت کەوتمە هاوار

کاشکی دکتۆری چاو بوومایە من
ڕەگی چاویەشەم ئەکێشا لە بن

دەرمانی لای خۆم ئەدۆزیەوە
بێم چاوت ماچ کەم چاک ئەبیەوە

١. 'وَإِن يَكَادُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَيُزْلِقُونَكَ بِأَبْصَارِهِمْ لَمَّا سَمِعُوا الذِّكْرَ وَيَقُولُونَ إِنَّهُ لَمَجْنُونٌ'سورة القلم٫ ٥١.
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٩٦و١٩٧.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٥٤و٢٥٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit