ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
وامزانی کە من دڵم دا بە تۆ
دڵی تۆش بۆ من ئەبێ بە مەکۆ

چی بکەم دڵەی شێت تووشی تۆی کردم
بە سەودای بێ‌سوود لە ناوی بردم

تۆش تێگەیشتی دڵ وا دوشمنە
ئیتر لە لای تۆ، بوو بە گای بنە

ئەگینا ئەگەر دوشمن نەبوایە
نەت ئەهێشت بێتە ئەو بەردەرگایە

بەڵام گیانەکەم مادەی تۆ بۆشە
لە تێکەڵیدا هەر ڕاستی خۆشە

دڵی ئەڵماسی بێ گەردم ئەوێ
شتێ ساختە بێ زوو دەرئەکەوێ

توخوا حەیف نییە وەک ئەڵماس جوان بی
بە ژەنگی خوێنی عاشق پەنهان بی

دڵ بفڕێنی، بەدخووی کەی، وەک خۆت
ئەم جەور و زۆرە خێری چییە بۆت

چی دەبێ ڕۆژێک ئەگەر هی من بی
دەست نەوەشێنی و ساتێک هێمن بی
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٩٥و١٩٦.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی یەکەم، لاپەڕە ٢٥٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit