ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢٢. خەوی بەخت
هێند خەوی بەختم گرانە، سەربکاتە کۆشی حەشر
چاوی هەڵنایە بە تینی ئاگر و تەئسیری بەفر

پێچ و تابی مەینەتی من دەستی چەرخی بەرکەوێ
تێکی دەشکێنێ بە ڕەنگێک شەو لە ژانی نەسرەوێ

تۆزی ڕێگەکەت بە چاوما بێ، جەواهر، سورمەیە
کاولەکەی خۆم لا بەهەشتە و گونیە، شاڵی توورمەیە

ئاخ قەناعەت گەنجی باقی و دەوڵەتی بێ‌مننەتە
ئۆدەکەم توونی حەمامیش بێ لە لام جەننەتە

بۆیە بێزارم لە مەی ئەوەڵ قومی ژارقەندەیە
قەهقەهەی ئاوی سوراحی دڵکەش و پڕ خەندەیە

جاری جاران بوایە من عاشق ئەبووم و شێت و وێت
ماڵی سەربەستی کچان ئاوا کە شوکرانەی ئەوێت

ئێستە بۆ عاشق کەمەندی زوڵف نەماوە بیگرێ
خۆم لەبەر پێی جوانەکانا، ڕائەکێشم بێ‌گرێ

سێ بەیتی یەکەم وەرگێڕاوی شیعری شێخ ئەبوولوەفای کوردیە و باقی هی پیرەمێرد خۆیەتی.
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی محەمەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٨٢.
ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم لاپەڕە ٢٩٠.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit