ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
٢١. یاری دڵ پەیکەر
یاری دڵ پەیکەر، یاری دڵ پەیکەر
یاری دڵفریب، ڕیشەی دڵ پەیکەر

نموونەی نەخشی خودای بانی سەر
شێوەی شیرینت خوسرەو شەیداکەر

سیای زوڵفانت ڕێی تاری زوڵمات
دەمت لە ناویا سەرچاوەی حەیات

حەوت گورزی پرچت حەوت لەشکری ڕەی
بازوو شکێنی سەد کاوسی کەی

سێوت نارنجی زولەیخای پەست کرد
ڕۆژی ڕووت مانگی کەنعانی مەست کرد

جەماڵت مەجال بێ نوختە ئەکا
جەلای جەلالت دڵ پوختە ئەکا

ئەمەت پێ ئەڵێم بە دڵسۆزانە
تووڕەیی نەبێ و تۆڕ و بەهانە

قینت هەڵنەستێ گوێ بگرە لە من
پابەندی من بی نەک بەندی دوژمن

گوڵەکەم ناوت لای عاشقان گوڵە
ناوی لای بەندەت وەک بەندی دڵە

گوڵ کەوتە دەستی خراپ و چاکێ
بۆنی نامێنێ ئیتر ئەژاکێ

گوڵ بۆ کەسێکە قەدری بزانێ
بیدا لە سەر وەک چقەی سوڵتانێ

هەندێ سەرسەری دوای جوان ئەکەوێ
گوڵی بۆ بۆنی سەعاتێک ئەوێ

دوای ئەوە کەوتە دەستی و بۆنی کرد
هەڵیەپچوڕکێنێ وەک شێت دەست‌وبرد

بەنای ناڕەوا ناوی ئەزڕێ
پەردەی عیسمەت و جوانی ئەدڕێ

تۆ خۆت مەدە دەست هەرزەی هەرزەکار
دوور بە نەبیتە پەندی ڕۆزگار

دۆستی یەکێک بە، دانا و سڕپۆش بێ
هەرچی ببینێ مات و خامۆش بێ

تۆماری شۆخیت نەخوێنێتەوە
وەک بەندەت تا سەر بمێنێتەوە

ڕۆژ لە ڕۆژ پێشتر عەشقی زیاد بێ
هەمیشە مەیلی ئێوەی لە یاد بێ

یەک بەدەن، یەک ڕۆح، یەک نەفەس، یەک دۆست
ببنە بادامی دوو مەغز و یەک پۆست

تەنها مەجنوونێک لێوەی لۆنگ بەشان
نەک لووت و پووتی ناڕەوای شاهان

خۆ ئەگەر ساڵی ژوور سێ بست کەوێ
چاو باشقاڵ نابێ تەنها تۆی ئەوێ
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی محەمەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٧٥و١٧٦.
ئومید ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە٢٠٠-٢٠٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit